سزای سێدارەی سێ بەندکراوی کورد بە تۆمەتی «سیخوڕی» لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کرا

سزای سێدارەی سێ بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازوو لە بەندیخانەی ناوەندی ئ

٨ بەفرانبار ٢٧٢٣، ٠٠:٥١

 

هەنگاو: هەینی ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣

سزای سێدارەی سێ بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازوو لە بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە جێبەجێ کرا. ئەم بەندکراوانە پێشتر لەگەڵ ژنێک بە ناوی نەسیم نەمازی بە تۆمەتی داسەپاوی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١١ی شەوی پێنجشەممە ٧ی بەفرانبار (٢٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٣) سزای سێدارەی سێ بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە بە ناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازۆ لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کرا.

ئێمە وەکوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە تووندی جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوانە شەرمەزار دەکەین، ئەم هەڵسووکەوتە پێشێل کرانی ئاشکرای مافی ژیانی و کەرامەتی مرۆڤە و هاوکات سەلمێنەری لەبەرچاونەگرتنی یاسا نێودەوڵەتیی و بنەماکانی مافی مرۆڤە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی بەرانبەر پێشێلکرانی سیستەماتیک هەبێت و دەستەبەری عەداڵەت بۆ قوربانیان و بنەماڵەکانیان وەئەستۆ بگرێت، ئەمە تەنیا بەسەرهاتێک نییە بەڵکوو هۆشدارییەک بۆ هەمووان کە دەبێت لە بەرانبەری زوڵمدا ڕاوەستین.

هەنگاو زانیویەتی کە جێبەجی کرانی سزای سێدارەی نەسیم نەمازی بە شێوەی کاتی دواکەوتووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ناوەندە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوانەیان ڕاگەیاندووە کە تەرمەکانیان ڕادەستناکرێتەوە.

هەنگاو چەن کاتژمێریک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە جێبەجێ کرانی سزای سێداری ئەم بەندکراوانە، هەوڵێکە بۆ تۆڵەسەندنەوە بە بۆنەی کوژرانی ڕەزی موسەوی فەرماندەی پلە بەرزی سوپای پاسداران کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سووریا کوژرا.

سزای سێدارەی ئەم بەندکراوانە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابوو هەروەها سزای سێدارەی مەنسوور ڕەسووڵی بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرابوویەوە.

وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پەڕحازوو لە کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ١٤٠١ لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرپەرەستی قازی نەجەفزادە بە تۆمەتی بەشداری لە هاوکاری پێدانی زانیاری و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە