ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی پێنج بەندکراوی کورد لە یەکەمین ڕۆژی ساڵی زایینیدا

هاوکات لەگەڵ یەکەمین ڕۆژی ساڵی نوێی زایینیدا سزای لە سێدارە دانی پێنج بەندکراوی کوردی خەڵکی پارێزگای کرماشان کە پێشتر لە دۆسییەکی هاوبەشدا بە

١٢ بەفرانبار ٢٧٢٣، ٠٠:٠٤

 

هەنگاو؛ دووشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٣

هاوکات لەگەڵ یەکەمین ڕۆژی ساڵی نوێی زایینیدا سزای لە سێدارە دانی پێنج بەندکراوی کوردی خەڵکی پارێزگای کرماشان کە پێشتر لە دۆسییەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی دزی و ڕێگری سزای لە سێدارە دانیان بەسەردا سەپێنرابوو لە بەندیخانەی ناوەندی شاری کەرەج جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی دووشەممە ١١ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، سزای لە سێدارە دانی پێنج بەندکراوی کورد بە ناوەکانی مەنووچێهر عوقابی، داریووش شوکرزادە، مەسعوود ڕۆستەمی، ناوخاس مەلەکی و ئەفشین محەممەدی، لە بەندیخانەی ناوەندی شاری کەرەج جێبەجێکرا.

هەنگاو زانیویەتی کە مەنووچێهر (حوجەت اللە عوقابی) و ناوخاس مەلەکی (مەلەکی زادە) هەر دوو خەڵکی شاری ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوای (شاباد) و سێ بەندکراوی دیکە خەڵکی شارەکانی کرند ڕۆژئاوا و بێستوون بوون.

هەواڵگری "میزان" سەر بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەم بارەیەوە نووسیویەتی کە ئەم پێنج بەندکراوە، پێشتر بە تۆمەتی " چەندین جار دزیکردن بە چەکەوە، توندوتیژی، ڕێگری کردن لە پارێزگای ئەلبۆرز و چەند ناوچەی دیکەش" سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو.

بنەماڵەی یەکێک لەم پێنج بەندکراوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئەوان نزیکەی ١٠ ساڵە دەستبەسەر کراون و لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری کەرەجەوە سزای لە سێدارە دانیان بەسەردا سەپێنرابوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ سزای لە سێدارەدانی لانی کەم ٨٢٣ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێکراوە کە ١٥١ کەسیان واتە ١٨.٪ی کۆی حاڵەتەکان بەندکراوی کورد بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە