جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی شاری هەمەدان

سزای لە سێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی سەعید مورادیان، خەڵکی شاری کەنگەڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبە

١٤ بەفرانبار ٢٧٢٣، ٢٣:٣٠

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٣

سزای لە سێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی سەعید مورادیان، خەڵکی شاری کەنگەڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان، کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای لە سێدارە دانی بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندی شاری هەمەدان جێبەجێ کرا. لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا سزای لە سێدارەدانی ٧ بەندکراوی کورد جێبەجێکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی پێنجشەممە ١٤ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٤ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، سزای لە سێدارەدانی سەعید (عەلی) مورادیان، لاوی بەندکراوی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی شاری کەنگاوەر لە بەندیخانەی ناوەندی شاری هەمەدان جێبەجێکرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە ٣ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوو دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری هەمەدان سزای لە سێدارە دانی بەسەردا سەپێنرابوو.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لە سێدارەدانی سەعید مورادیان لە میدیا حکومەتییەکانەوە بە تایبەتی میدیاکانی دەسەڵاتی دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی چوار ڕۆژی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیی، سزای لە سێدارەدانی لانی کەم ١٢ بەندکراوی کە ٧ کەسیان کورد بوون لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە