ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی چوار بەندکراوی سیاسی لەسێدارەدراو بە بنەماڵەکانیان لە ئورمیە سەلمێنەری بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی هاووڵاتییانە

دوای تێپەڕبوونی یەک حەفتە لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی سیاسی کورد بەناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومە

١٥ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٧:٣٨


هەنگاو؛ هەینی ١٥ی بەفرانباری ٢٧٢٣

دوای تێپەڕبوونی یەک حەفتە لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی سێ بەندکراوی سیاسی کورد بەناوەکانی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پڕحازو لەگەڵ بەندکراوێکی سیاسی تورک بەناوی نەسیم نەمازی لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە، ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەو بەندکراوانە بە بنەماڵەکانیان ڕێگری دەکەن و سەبارەت بە هەرچەشنە بەدواداچوون و ڕاگەیاندنی زانیارییەک لەو بوارەدا هۆشدارییان پێیانداوە.

سزای سێدارەی ئەو سێ بەندکراوە سیاسییە کوردە و خەڵکی ئورمیە کە زستانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی شاری ئورمیەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە هاوکاری ئیتلاعاتی و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، کاتژمێر ٢٣ی شەوی پێنجشەممە ٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٣) و سزای سێدارەی نەسیم نەمازی، بەندکراوی سیاسی تورک و خەڵکی ئورمیە کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٢٩ی دیسەمبەر) لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێکرا.



ڕادەستنەکردنەوەی تەرم و ڕێگریکردن لە بەڕێوەبردنی سەرەخۆشی دوای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی لە ئورمیە

دوای جێبەجێکرانی سزای سێدارەی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی، ڕەحمان پڕحازو و نەسیم نەمازی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، بەرپرسانی ئێرانی لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە بە بنەماڵەکانیان ڕێگری دەکەن و ئیزنی بەڕێوەبردنی پرسە یان بیرەوەیان نە لە مزگەوت و نە لە ماڵەوە بەو بنەماڵانە نەداوە.

هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئیتلاعاتی سوپای پاسداڕان بە گوشارخستنەسەر بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە پێیانی ڕاگەیاندووە کە تەنیا لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی بەرپرسانی پلەبەرزی ئێران دەتوانن ڤیدیۆی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنیان نیشانی بنەماڵەکانیان بدەن و سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ شوێنی ناشتنیان و هەروەها ڕاگەیاندنی هەر زانیارییەک لەوبارەدا هۆشدارییان داوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاردانەوە بە ڕادەستنەکردنەوەی تەرمی وەفا هەنارە، ئارام عومەری بەردیانی و ڕەحمان پڕحازو و نەسیم نەمازی بە بنەماڵەکانیان دوای لەسێدارەدانیان لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە، ئەو کردەوەی دەوڵەتی ئێران بە توندی شەرمەزار دەکات و بە سەلمێنەری بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی دەزانێت. هەنگاو کە بەڵێندەری بەدواداچوون لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانە، ئەو هەڵسوکەوتە بە پێشێلکرانی مافە بنەڕەتییەکان و کەرامەتی مرۆڤەکان دەزانێت و داوای وەڵامدانەوەی بەرپرسان و پێڕاگەیشتنی نێودەوڵەتی بەو دۆسیەیە دەکات.


"بێسەروشوێنکردن" لەژێر نیزامی مافە نێودەوڵەتییەکان

بێسەروشوێنکردن یەکێک لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤە، کە لەو حاڵەتەدا کەسێک لەلایەن دەوڵەت یان ڕێکخراوەیەکی سیاسییەوە دەستبەسەردەکرێت و بێسەروشوێن دەکرێت، بێ ئەوەیکە زانیارییەک لەبارەی چارەنووس یان شوێنی ڕاگرتنی ئەو کەسە بە بنەماڵەکەی یان کۆمەڵگا ڕاگەیەندرێت. ئەوکارە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بەمەبەستی سازکردنی ترس لە کۆمەڵگا و وەکوو ڕێگەیەک بۆ سەرکوتکردن و سزادانی دژبەرانی سیاسی یەک وڵات ئەنجام دەدرێت. بێسەروشوێنکردن پێشێلکردنی جددیی مافی مرۆڤ بە هەژمار دێت و دەبێتە هۆی ئازاردان و بێبڕوابوونی بنەماڵە و هاوڕێیانی ئەو کەسە قوربانییە.

لە چوارچێوەی مافە نێونەتەوەیییەکاندا، بێسەروشوێنکردن وەکوو تاوانێک دژ بە مافی مرۆڤ بە هەژمار دێت کە بەشێوەی سیستەماتیک دژ بە هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت. ئەو کارە بە یەکێک لە نیشانەکانی" تاوانەکانی دژ بە مرۆڤ" ناسێندراوە. "کۆنوانسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ بێسەروشوێنکردن" کە لە ساڵی ٢٠١٠ پەسەند کرا، یەکێک لە بەڵگەکان لەو بوارەدا بە هەژمار دێت.

ئەو کۆنوانسیۆنە لەسەر مافی تاکەکان بۆ ئاگاداەبوونەوە لە دۆخی ئەو ئازیزانەیان وا بێسەروشوێن کراون و گەیشتن بە دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی زیانەکان پێداگری تایبەت دەکات.

بەپێی بنەمای مافە نێودەوڵەتییەکان، نە تەنیا تاکە بێسەروشوێنکراوەکان بەڵکوو بنەماڵەکانیشیان بەهۆی جوودا بوونەوەی چاوەڕێنەکراو و دەستڕانەگەیشتنیان بە زانیاری، ترس لە تۆڵەکردنەوە و بارودۆخی نادیار، قوربانی ئەو سزایەن. تا ئێستا، ١١٠ وڵات بەو کۆنوانسیۆنە پێبەند بوون، کە ڕۆڵێکی گرینگیان لە ڕێگریکردن لە ڕوودانی ئەو سزایەدا بووە. سەرەڕای ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام لە نیشانەگرتن و پاشکۆبون بەو کۆنوانسیۆنە ڕێگری کردووە، و ئەو کارە سەرنجنەدان و بێبایەخ بوونی نیزامی ئەمنییەتی و دادوەری ئێران سەبارەت بە بەرچاونەگرتنی مافی تۆمەتباران و بەندکراوان نیشان دەدات.

شایەنی باسە کە بنەماڵە و بەجێماوانی بێسەروشوێنکراوان دەتوانن بە تۆمارکردنی سکاڵا لە "کار گرووپی بێسەروشوێنکراوانی زۆرەملێی ڕێکخراوەی نەتەوەکان" بەدواداچوونی یاسایی بکەن. دوای وەرگرتنی سکاڵا، کار گرووپ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی پەیوەندی دەگرێت تا زانیاری سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ناشتنی قوربانییەکان بە دەست بهێنێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە