پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی چوار بەندکراوی سیاسی کورد لە دیوانی باڵا و هۆشداری هەنگاو سەبارەت بە جێبەجێکرانی سزاکەیان

موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، چوار بەندکراوی سیاسی کورد، لەلایەن دادگای شۆ

١٦ بەفرانبار ٢٧٢٣، ٢١:٣٣

 

هەنگاو؛ شەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣

موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، چوار بەندکراوی سیاسی کورد، لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و دۆسیەکەیان لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاستکراوەتەوە. بە لەبەر چاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ئێران و لەحاڵێکدا کە ئەو بەندکراوانە، بە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار کراون، گیانیان مەترسیی جددیی لەسەرە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موحسین مەزڵووم تەمەن ٢٧ساڵ و خەڵکی مەهاباد، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی دێولان، وەفا ئازەربار تەمەن ٢٦ ساڵ خەڵکی بۆکان و پژمان فاتیحی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی کامێران، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەو سزایە لە بێدەنگی چڕوپڕی میدیاکان لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر قاسم مەزینانی پشتڕاست کراوەتەوە.

بەوتەی سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ئەو چوار بەندکراوە، بنەماڵەکانیان لە کاتی دەستبەسەربوونیانەوە هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان نییە و تا ئێستا هیچ چاوپێکەوتن و پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ منداڵەکانیاندا نەبووە. هەروەها پارێزەرەکەیان هەتا ئێستا نەیتوانیوە دۆسیەکەیان بخوێنێتەوە.

هەنگاو لەگەل هۆشداریدان سەبارەت بە مەترسی جددی جێبەجێکرانی سزای ئەو بەندکراوانە، جەخت دەکات کە موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی، بێ دەستڕاگەیشتن بە سەرەکیترین مافەکانی کەسێکی تۆمەتبار، یەک ساڵ و پێنج مانگ و پازدە ڕۆژی ڕابردوو لە ناوەندە ئەمنییەکان ڕاگیردراون و لەژێر هەموو چەشنە ئەشکەنجەیەکی جەستەیی و دەروونی داندراون.

هەروەها هەنگاو جارێکی دیکە هۆشداری دەدات کە ئێستا، ناوەندە ئەمنییەکان بە پەلەیەکی زیاترەوە لە هەوڵدان کە سزای سێدارەی ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە جێبەجێ بکرێت. ئەو کردەوە بە لەبەر چاوگرتنی پێویستی حکومەت بۆ ڕێکلامی سیاسی لەدوای زیاتربوونەوەی گرژییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، بەتەواوی پێشبینیکراو بەچاو دێت.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەوالەدا، میدیا حکومەتییەکان گەلاوێژی ساڵی ٢٧٢٢، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایانگەیاندبوو کە ئەو چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە کە ئەندامی حیزبی کۆمەڵەن لە کاتێکدا کە "چەکداربوون و ویستوویانە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان بتەقێننەوە" دەستبەسەرکراون.

حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران دوای ئەم ڕاپۆرتە ڕاگەیاندراوێکی فەرمی بڵاوکردوە و بانگەشەکانی حکوومەتی بەدرۆ خستەوە. لەم ڕاگەیاندراوەی کۆمەڵدا هاتبوو کە "ئەم سیناریۆیانە بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵک و خۆپیشاندەران دروستکراوە".

کەناڵەکانی حکومەت، لانی کەم دوو جار دانپێدانانی زۆرەملێی موحسین مەزڵووم، محەممەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحییان بەشێوەی ڤیدییۆیی بڵاوکردووەتەوە. ئەم کارەی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی پێشینەدارە و پێشتریش وەک بەڵگە بۆ سیناریۆی هێزە ئەمنییەکان و بەمەبەستی دۆسیەسازی کەڵکی لێوەرگیراوە.

بنەماڵەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە بەشێوەیەکی بەردەوام لە ژێر گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکاندان، بەشێوەیەک کە ئەفسانە یووسفی، دایکی پژمان فاتیحی چەند جارێک لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە بانگکراوە و وێڕای ئازاری جەستەیی و دەروونی هەڕەشەی بانگکران و دەستبەسەرکردنی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەی لێکراوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە ئەم چوار ئەندامەی حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران، ڕۆژی ١ی گەلاوێژی ٢٧٢٢، لە گوندی "یەنگجە" سەر بە ناوچەی برادۆستی ئورمیە دەستبەسەرکرابوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە