ئیسفەهان؛ دەستبەسەرکردنی ئەمیر ڕاهپەیکەر، خوێندکاری کورد بە تۆمەتی ڕەخنەگرتن لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئەمیر ڕاهپەیکەر، خەڵکی شاری مەریوان و خوێندکاری زانکۆی پیشەسازیی ئیسفەهان، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کوژران

١٨ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٤:٢٤

 

هەنگاو: دووشەممە، ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی ئەمیر ڕاهپەیکەر، خەڵکی شاری مەریوان و خوێندکاری زانکۆی پیشەسازیی ئیسفەهان، بەهۆی ڕەخنەگرتن لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا. هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لانی کەم دوو خوێندکاری دیکە بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە قاسم سولەیمانی" دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (٦ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، ئەمیر ڕاهەپەیکەر، تەمەن ٢٢ ساڵ و خوێندکاری ئەندازیاریی کیمیا لە زانکۆی پیشەسازیی ئیسفەهان، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، دوای دەستبەسەرکردنی ئەو خوێندکارە کوردە لە ئیسفەهان، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە و تا ئێستا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری و بێبەش کراوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا پێشتریش لانی کەم دوو خوێندکاری دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی هاوشێوە دەستبەسەر کراون. ناسنامەی ئەو دوو خوێندکارەکەی دیکە بە ناوەکانی سورنا عەلیپوور، خوێندکاری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی هورموزگان و مەهدی سەعادەتی، خوێندکاری قۆناغی کۆتاییی دەرمانسازی لە زانکۆی "سدووق"ی زانستە پزیشکییەکانی یەزد، بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی ئەو خوێندکارانە لەلایەن ناوەندی پاراستنی زانکۆکانیانەوە، بۆ ماوەیەکی ناڕوون و نادیار ئامادەبوونیان لە پۆلەکانی خوێندنی کۆلێژەکانیان و بەشدارییان لە وانەکان قەدەغە کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە