جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم شەش بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج

دوای ئاشکرابوونی ناسنامەی چوار بەندکراوی دیکە بەناوەکانی ئەحمەد لەتیفی، ئەکبەر خۆڕەمتاش، عەلی ئەکبەر مورادیان و ئەمیرحوسێن مەل

٢٤ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٩:٠٧

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٣

دوای ئاشکرابوونی ناسنامەی چوار بەندکراوی دیکە بەناوەکانی ئەحمەد لەتیفی، ئەکبەر خۆڕەمتاش، عەلی ئەکبەر مورادیان و ئەمیرحوسێن مەلەکی ژمارەی ئەو بەندکراوانەی لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج لە سێدارە دراون گەیشتە شەش کەس. هەنگاو پێشتر هەواڵی لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی دیکەی بەناوەکانی هادی نەزەری و عەلی میری ڕاگەیاندبوو. لە ماوەی دوو حەفتەی پێشوودا ١٩ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارەدراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٤ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی لانی کەم شەش بەندکراوی کورد بەناوەکانی ئەحمەد لەتیفی، ئەکبەر خوڕەمتاش، ئەمیرحوسێن مەلەکی، عەلی ئەکبەر مورادیان، هادی نەزەری و عەلی میری کە خەڵکی شارەکانی کرماشان، هەرسین و سەحنە بوون لە بەندیخانەی ناوەندی کەرەج جێبەجێکراوە.

ئەو شەش بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەرکرابوون و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی کەرەجەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو شەش بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دادوەری ئێرانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا (لە سەرەتای جەنیوەرییەوە)، لانی کەم سزای سێدارەی ١٩ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە