جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی سەقز لە بەندیخانەی هەمەدان

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کوردی خەڵکی سەقز بە ناسنامەی ئەکرەم کەریم پوور کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسە

٢٦ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٠:١٧

 

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کوردی خەڵکی سەقز بە ناسنامەی ئەکرەم کەریم پوور کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێکرا. ناوبراو بیستەمین هاووڵاتیی کوردە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینییەوە لە ئێران لە سێدارە دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٦ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی سەقز بەناوی ئەکرەم کەریم پوور تەمەن ٤٠ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێکرا. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ دوو پیاوی دیکە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابووەوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەکرەم کەریم پوور سێ ساڵ پێش لە هەمەدان دەستبەسەرکرابوو و لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. سزای سێدارەی حوسێن بەهرەمەند خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەتی شاری سەردەشت و یەکێک لە هاودۆسیەکانی ئەو بەندکراوەش، لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە بەندیخانەی هەمەدان جێبەجێکرابوو.

هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا نزیکەکان لە دادوەریی ئێرانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ لانی کەم سزای سێدارەی ١٥١ هاووڵاتی کورد جێبەجێکراوە و لە ١٦ ڕۆژی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤دا لانی کەم ٢٠ هاووڵاتیی کورد لە سێدارەدراون.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە