جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی موحسین مێهری، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" ئەو سزایەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخان

٢٧ بەفرانبار ٢٧٢٣، ١٠:٠٧

 

هەنگاو: چوارشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٣

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی موحسین مێهری، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" ئەو سزایەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتی گەیشتوو بە دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٦ی جەنیوەریی ٢٠٢٤) سزای سێدارەی موحسین مێهری و خەڵکی ئیلام، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە ٥ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی براکەی لە شەڕ و دەستەویەخوبووندا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

شایانی باسە کە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە کوردە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەتایبەتی ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتە بڵاو نەکراوەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای مانگی جەنیوەرییەوە (ماوەی ١٦ ڕۆژ)، لانی کەم ٣٢ بەندکراو لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەسێدارە دراون کە ٢٢ کەسیان (٦٩٪) هاووڵاتیی کورد بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە