بەندیخانەی قزڵحیسار؛ گیانلەدەستدانی بەندکراوێکی سزادراو بە سێدارە بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی

بەندکراوێکی خەڵکی شاری کۆیەشتی پارێزگای لوڕستان بەناوی خاسموراد سەعیدی، کە پێشتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بەهۆی پێڕانەگەیشتن

٢٨ بەفرانبار ٢٧٢٣، ٠٩:١٧

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣

بەندکراوێکی خەڵکی شاری کۆیەشتی پارێزگای لوڕستان بەناوی خاسموراد سەعیدی، کە پێشتر سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گیانی لەدەستدا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٦ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، خاسموراد سەعیدی، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی گوندی سەرتەرهانی ناوچەی گەڕاوەندی کۆیەشت، بەهۆی دواخستنی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە بەندیخانەی قزڵحیسار گیانی لەدەستدا.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، بەرپرسانی بەندیخانەی قزڵحیسار هۆکاری مردنی ئەو بەندکراوەیان بە بنەماڵەکەی "جەڵتەی دڵ" ڕاگەیاندووە.

بەوتەی یەکێک لە نزیکەکانی ئەو بەندکراوە، خاسموراد سەعیدی، دوای ناجێگیر بوونی باری تەندروستیی و لە حاڵێک کە پێویستی خێرای بە گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان بووە، لە بێهداری بەندیخانە ڕاگیرابوو.

شایەنی باسە کە، خاسموراد سەعیدی دوو ساڵ پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەرکرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە