کوژرانی کچە خوێندکارێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە بروجێرد

کچە خوێندکارێکی لاوی خەڵکی شاری کۆیەشت بە ناوی ئاناهیتا ئەمیرپوور، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری

١ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٦:٤٧

 

هەنگاو: یەکشەممە، ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

کچە خوێندکارێکی لاوی خەڵکی شاری کۆیەشت بە ناوی ئاناهیتا ئەمیرپوور، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری "بروجێرد"ی سەر بە پارێزگای لوڕستان گیانی لەدەست دا. ناوەندە ئەمنییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵە و هاوڕێیانی ئەو کچە خوێندکارە و بۆ داپۆشینی ئەم تاوانە دڕندانە حکوومەتییەی خۆیان، دەیانهەوێت کوژرانی ئەو کچە لاوە پەیوەندی بدەنەوە بە تەقەینەوەکەی کرمانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی هەینی، ٢٩ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ناوچەی "نیزاماباد"ی شاری بروجێرد تەقەیان لە دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆی ٢٠٦ کردووە و بەم هۆیەشەوە کچە خوێندکارێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی ئاناهیتا ئەمیرپوور، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی ئازادی بروجێرد، گیانی لەدەست داوە.

کەسێک بە ناوی "م. جەلاییفەر"، خەڵکی شاری بروجێرد شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە و خۆشی خوێندکارە، بەسەختی بریندار بووە و هەنووکەش لە بەشی چاودێریی تایبەتی نەخۆشخانەی "شەهید چەمران"ی شاری بروجێردە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی ئەو دوو خوێندکارە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان بوەستێنن و دایانبەزێنن، بەهۆی ئەوەی کە ئەو کەسانە جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بووە، شۆفێرەکەش ترساوە و ویستوویەتی هەڵبێت، کەچی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی دەستڕێژی گوللەیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلی ئەو دوو لاوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ناوەندە ئەمنییەکان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵە و هاوڕێیەکانی ئەم دوو خوێندکارە کە نابێت لەم بارەیەوە هیچ زانیارییەک بڵاو بکەنەوە. هەر لەو پەیوەندییەدا، ئەمڕۆ یەکشەممە، دوو فەرمانبەری نەخۆشخانەی "شەهید چەمران"ی بروجێرد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بانگ کران و هەڕەشەیان لێ کراوە.

شایانی باسە کە ناوەندە ئەمنییەکان و هێزی ئینتزامیی بروجێرد هیچ شتێکیان لەو بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام موسلیم مورادی، قایم مقامی ئەم شارە، لە یەکەم کاردانەوەی بەرانبەر بەم هەواڵە، بە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکانی ڕاگەیاندووە: "دوای کردەوە تیرۆریستییەکانی دەستوپەیوەندییەکانی ئێستکباری جیهانی لە کرمان و سیستان و بەلووچستان و هەروەها بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دزەکان، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە سەربازی و ئینتزامییەکان بە مەبەستی پشکنین، چاودێری و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هەر جووڵەیەکی نائاسایی کە ئاسایشی کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە، لە ئامادەباشیدان."

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لەم بارەوە هێزەکانی ئینتزامیی شاری بروجێرد گومانیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆی ٢٠٦ هەبووە و دوای ئەوەی فەرمانی وەستاندنی ئۆتۆمبێلەکەیان داوە کە دوو کەسی تێدا بووە، گرنگییان بە هۆشدارییە بەردەوامەکانی هێزە ئینتزامییەکان نەداوە و هەوڵیان داوە هەڵبێن."

لە کۆتاییدا مورادی وێڕای ئاماژەنەکردن بە ناسنامەی ئەو دوو خوێندکارە، وتی؛ یەکێکیان دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە و ئەوی دیکەیان لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە. بەڵام سەرچاوەکانی هەنگاو وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم چەواشەکارییانەی فەرمانداری شاری بروجێرد، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات تەقەیان لەم دوو لاوە کردووە و ئاناهیتا ئەمیرپوور گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی چالاکانی مەدەنی بروجێرد، فەرماندار و ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو شارە بە مەبەستی پاساوهێنانەوە بۆ کوشتنی ئەم کچە خوێندکارە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، زاڵکردنی ئەو دۆخە ئەمنییەتییە بەسەر ئەو شارەدا بۆ تەقینەوەکانی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە کرمان و هەروەها شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ماوەی ڕابردوو لە سیستان و بەلووچستان دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر کوژرانی ئەم هاووڵاتییە لەلایەن حکوومەتەوە بێدەنگ بکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە