بۆکان؛ ناڕوونی چارەنووسی مەتین حەسەنی

١٤ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ٢١:٠٠

 

هەنگاو؛ شەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

مەتین حەسەنی، خەڵکی بۆکان و لە برینداربووانی ناڕەزاییەکانی گەڵارێزانی ٢٧١٩، سەرەتاکانی مانگی ڕێبەندان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا و هەتا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١١ ڕۆژ لە دەستبەسەربوونی مەتین حەسەنی، هیچ زانیارییەک لەسەر دۆخی یاسایی و ڕاگرتنی ئەو خۆپیشاندەرە کە چاوێکی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ٢٧١٩دا بریندار کرابوو، لەبەر دەستی بنەماڵەکەیدا دانەندراوە.

دەستبەسەرکرانی مەتین حەسەنی، دوو ڕۆژ دوای حازربوونی لەسەر گڵکۆی یەلدا ئاقافەزلی تەمەن ١٩ ساڵ ڕوویداوە، کە مانگی گەڵاڕێزانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەرکرابوو و دوای ئازادبوونی بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا.

مەتین حەسەنی، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣ (٢٣ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە شاری بۆکاندا دەستبەسەرکرا.

ئەو لاوە بریندارە لە ڕەوتی ڕاپەرینی خوێناویی گەڵاڕێزانی ٢٧١٩، لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، چاوی چەپی بریندارکرا.

شایەنی باسە کە، ناوبراو مانگی سەرماوەزی ٢٧١٩، لەحاڵێکدا کە بەمەبەستی چارەسەرکردنی چاوی لە تاران بووە، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە ناوەندێکی دەرمانیدا دەستبەسەرکرابوو و ماوەیەک دواتر بەدانانی بارمتە ئازادکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە