ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر کوژران و برینداربوونی ٣٣٤ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانی کەم ٣٣٤ کۆڵبەر و کاسبکار

٢١ ڕێبەندان ٢٧٢٣، ١٠:٥١

 

هەنگاو؛ شەممە ٢١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٣

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانی کەم ٣٣٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندارکراون کە ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی ١٥٪ بەرزبووەتەوە.

 

ئەو ڕاپۆرتە لە ٨ بەش پێکهاتووە کە بە جیاوازی لەگەڵ هێڵکاری و وردەکاریی زیاتر لە ژێرەوە باس دەکرێت؛

بەشی یەکەم: پێشەکی

بەشی دووەم: پارێزراو بوونی بکوژانی کۆڵبەران لە دادگاکاندا

بەشی سێیەم: هەڵسەنگاندنی ئاماری ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢

بەشی چوارەم: هۆکاری کوژران یان برینداربوونی کۆڵبەران

بەشی پێنجەم: کوژران و برینداربوونی ٢٦ منداڵی کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢٣دا

بەشی شەشەم: جیاکردنەوەی کۆڵبەرانی کوژراو و بریندار بەپێی پارێزگاکان

بەشی حەوتەم: سنووری بانە و نەوسوود شوێنی کوشتاری کۆڵبەران لە ساڵی ٢٠٢٣

بەشی هەشتەم: دەرەنجام

 

پێشەکی

بەهۆی ڕوانینی ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر کوردستان و خەڵکی کورد لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە لە حاکمیەتی خۆی و لە ئاکامیدا گەشەنەکردن و نەبوونی دەرفەت و هەلی کار لە کوردستان، دەتوانین کۆڵبەری وەکوو کارێکی داسەپاو ناو ببەین کە بەهۆی دابیننەکردنی کەمترین و سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا داسەپاوە.

لە سنوورەکانی کوردستان (پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان و ئورمیە) کەسانێک کە تەمەنیان لە نێوان ١٣ تا ٧٠ ساڵە خەریکی کۆڵبەرین و کاڵای گومرگ نەکراوی بازرگانەکان لە شوێنە ئەستەمەکانی سنوور، بە کۆڵ یان بە ئێستر لە بەرانبەر حەقدەستێکی کەمدا کە کاتی وایە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانیشیان، لە نێو سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە (عێراق) و بە پێوانی مەودایەکی نزیک لە ١٠ کیلۆمەتر کە زۆربەی ناوچە شاخاوییە ئەستەمەکانە، بەرەو نێو سنوورەکانی ئێران هەڵدەگرن.

لە نێو ئەو کەرەستانەی کە لەلایەن کۆڵبەرەکانەوە بۆ دوو لایەنی سنوورەکان دەگوازرێتەوە، دەتوانین ئاماژە بە کەرەستەی ناوماڵ، شت و مەکی جوانکاری و خاوێنکەرەوە، لاستیک، قوماش، کەل‌وپەلی یەدەکی ئۆتۆمبێل، کەرەستەی خاوی کارگەکان و هەروەها دانەوێڵە بکەین.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لەنێوان ١٠٠ تا ١٥٠ هەزار کەس لە سنوورەکانی کوردستاندا کۆڵبەری دەکەن و ساڵانە سەدان کەس لەوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هێزە چەکدارەکانی تورکیا و عێراق، ڕووداوی سروشتی وەکوو خنکان، بەربوونەوە لە شاخەکان و هتد و هەروەها تەقینەوەی مین دەکوژرێن و یان بریندار دەکرێن.

 

پارێزراو بوونی بکوژانی کۆڵبەرەکان لە دادگاکاندا

کۆڵبەری لە کوردستان، کە لە ئاکامی سیاسەتی هەڵاواردنی نەتەوەیی (دژە کوردی) حکومەت پێکهاتووە، بووەتە چەقی قەیرانێک لەو ناوچەیەدا. هێزە چەکدارەکانی ئێران، کە لەڕاستیدا لە بواری دادوەرییەوە پارێزراون، بەشێوەی ڕاستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەرەکان دەکەن، کە لە زۆربەی کاتەکاندا دەبێتە هۆی کوژران یان برینداربوونی ئەوان لە ناوچە شاخاوییە بەرز و ئەستەمەکان. ئەو ڕەوتە، لە نیشانەکانی لەسێدارەدرانەکانی سەروودادوەری و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە کە لە پاڵپشتی چڕی حکومەت و دەزگای دادوەری بەهرەمەندە.

لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای کوژرانی زیاتر لە ٤٦٠ کۆڵبەر و برینداربوونی زیاتر لە ١٤٠٠ کۆڵبەری دیکە، هیچکام لە تاوانبارانی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە لێپرسینەوەیان لێنەکراوە و ئەو بارودۆخە، پاراستنی تەواوی تاوانباران لە هەر چەشنە بەدواداچوونێکی یاسایی و پاڵپشتی تەواوی حکومەت و دەزگای دادوەری لە سازکردنی حکومەتی تیرۆر و تۆقاندن لە سنوورەکانی کوردستان نیشان دەدات.

لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو کۆڵبەرانەی کە بریندارکراون و ئەو بنەماڵانەی کە ئازیزەکانیان لەدەستداوە، لەگەڵ نەبوونی پاڵپشتییەک لەلایەن ناوەند و ئۆرگانە دەوڵەتی و مەدەنییەکاندا ڕووبەڕوون. ئەو کەسانە، بێجگە لەو ڕەنج و خەسارەی بەسەریاندا داسەپێندراوە، کاتی وایە بە تۆمەتگەلی وەکوو چوونەدەرەوەی نایاسایی لە سنوور یان هەڵگرتنی باری قاچاخ، سزای پێبژاردنی پارەی نەختیان بەسەردا دادەسەپێندرێت. لە هەمووی ئازاربەخشتر ئەوەیە کە ژمارەیەک لە بنەماڵە داغدارەکانی کۆڵبەرە کوژراوەکان، ناچار بە بژاردنی نرخی ئەو گوللانە دەکرێن کە ڕوو لە ئازیزەکانیان پێکراون. ئەو بارودۆخە کە بە شێوەیەک سەر لە نوێ قوربانی کردنەوەی قوربانییانە، کێشەی یاسایی و ماڵیی قورسی بۆ بنەماڵەکان سازکردووە.

 

هەڵسەنگاندنی ئاماری ساڵی ٢٠٢٣ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانی کەم ٤١ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ٢٩٣ کۆڵبەر بریندارکراون. زیاتر لە ٨٥٪ی ئەو قوربانییانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوونەتە قوربانی و ٨٪ لە قوربانیان کە دەکاتە ٢٦ کەس، منداڵانی کۆڵبەر بوون.

ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو واتە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینی ٤٤ حاڵەت کە دەکاتە ١٥٪ کۆی حاڵەتەکان زیاتر بووە. لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا ٢٩٠ کۆڵبەر بوونەتە قوربانی کە ٤٦ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٢٤٤ کۆڵبەریش بریندارکراون.

 

هۆکارەکانی گیانلەدەستدان یان برینداربوونی کۆڵبەرەکان

تەقەی ڕاستەوخۆ: ٢٨٥ حاڵەت بریتی لە (٢٦ کوژراو و ٢٥٩ بریندار) کە دەکاتە ٨٥.٥٪ کۆی حاڵەتەکان.

تەقینەوەی مین: ٥ حاڵەت بریتی لە (٥ بریندار) کە دەکاتە ١.٥٪ کۆی حاڵەتەکان.

ژێرخستن بە ئۆتۆمبێلی سەربازی: ٢ حاڵەت بریتی لە (٢ کوژراو) ٠٦٪ کۆی حاڵەتەکان.

ڕووداوی هاتووچۆ: ١٣ حاڵەت بریتی لە (٤ کوژراو و ٩ بریندار) کە دەکاتە ٤٪ کۆی حاڵەتەکان.

ڕەقهەڵاتن لە سەرما: ٣ حاڵەت بریتی لە (٣ کوژراو) کە دەکاتە ٠٩٪ کۆی حاڵەتەکان.

بەربوونەوە لە شاخ: ١٢ حاڵەت بریتی لە (٢ کوژراو و ١٠ بریندار) کە دەکاتە ٣.٦ کۆی حاڵەتەکان.

خنکان لە ڕووبارەکان: ٢ حاڵەت بریتی لە (٢ کوژراو) کە دەکاتە ٠٦٪ کۆی حاڵەتەکان.

جەڵتەی دڵ: ٢ حاڵەت بریتی لە (٢ کوژراو) کە دەکاتە ٠٦٪ کۆی حاڵەتەکان.

لێدان و کوتان: ٧ حاڵەت بریتی لە (٧ بریندار) کە دەکاتە ٢.١٪ کۆی حاڵەتەکان.

فڕێدانی بەرد: ٢ حاڵەت بریتی لە (٢ بریندار) کە دەکاتە ٠٦٪ کۆی حاڵەتەکان.

چەکی سارد: ١ حاڵەت بریتی لە (١ بریندار) کە دەکاتە ٠٣٪ کۆی حاڵەتەکان.

 

کوژران و برینداربوونی ٢٦ منداڵی کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢٣دا

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو؛ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانی کەم ٢٦ منداڵی کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە دەکاتە ٨٪ ی کۆی گشتی ئاماری ئەو کۆڵبەرانەی کە لەو ساڵەدا بوونەتە قوربانی.

لە سەرجەم ئەو ٢٦ کۆڵبەرەی بوونەتە قوربانی ٢ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و ٢٤ منداڵی کۆڵبەریش بریندارکراون. ٢٣ منداڵی کۆڵبەر کە دەکاتە ٨٨.٥٪ منداڵانی قوربانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندارکراون. هەروەها منداڵێکی کۆڵبەر بەهۆکاری تەقینەوەی مین، کۆڵبەرێک بەهۆی ڕەقبردنەوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بەهۆی بەربوونەوە لە شاخەکان بوونەتە قوربانی.

زیاترین منداڵانی کۆڵبەر لە سنووری بانە بوونەتە قوربانی کە ١٥ حاڵەت بووە. لە سنووری نەوسوود منداڵێکی کۆڵبەر و لە هەریەک لە سنوورەکانی مەریوان، نۆدشە و سەقزیش منداڵێکی کۆڵبەر بوونەتە قوربانی.

 

جیاکردنەوەی کۆڵبەرانی کوژراو و بریندارکراو بەپێی پارێزگاکان

زیاترین ئاماری کۆڵبەرانی کوژراو و بریندار لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراوە کە ١٨١ حاڵەت واتە ٥٤٪ کۆی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٣ بووە.

پارێزگای کوردستان (سنە): ١٨١ حاڵەت بریتی لە (٢٨ کوژراو و ١٥٣ بریندار) کە دەکاتە ٥٤٪ کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای کرماشان: ١٣٧ حاڵەت بریتی لە (٧ کوژراو و ١٣٠ بریندار) کە دەکاتە ٤١٪ کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای ئورمیە: ١٦ حاڵەت بریتی لە (٦ کوژراو و ١٠ بریندار) کە دەکاتە ٥٪ کۆی حاڵەتەکان.

 

٨٣٪ی قوربانییەکان لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود تۆمارکراوە

لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینیدا لانی کەم ٢٧٨ کۆڵبەر لە سنوورەکانی دوو شاری نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان و بانە سەر بە پارێزگای سنە کوژراون و یان بریندارکراون کە ئەو ئامارە زیاتر لە ٨٣٪ی سەرجەم ئەو حاڵەتانەیە کە کۆڵبەرەکان لە تەواوی سنوورەکاندا.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە سنووری بانە ٢٢ کۆڵبەر کوژراون و ١١٦ کۆڵبەریش بریندارکراون. هەروەها لە سنووری نەوسوود ٢ کۆڵبەر کوژراون و ١٣٦ کۆڵبەریش بریندارکراون.

بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشان دەدات کە مەهدی واحیدی، فەرماندە و مستەفا مورادی، جێگری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری بانەی سەر بە پارێزگای کوردستان، نەوزەر مورادی فەرماندەی سنوورەوانی پاوە و ئەفسەر فەرەیدوون ڕەستگار فەرماندەی دەستەی سنووری نەوسوود لە پارێزگای کرماشان ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیان لە کوشتاری کۆڵبەرەکاندا بووە و لە چەند حاڵەتدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بوونەتە هۆی کوژرانی کۆڵبەرەکان.

بە گرنگیدان بە چوونە سەرەوەی ڕۆژانەی کوشتاری کۆڵبەرەکان لە سنوورەکانی کوردستاندا کە لە زۆربەی ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان برینداردەکرێن و یان دەکوژرێن، هەنگاو داوای گەمارۆی چەک و چۆڵ و ماڵیی هێزی هەنگی سنووری کۆماری ئیسلامی و شوێنکەوتنی نێودەوڵەتی فەرماندە باڵاکانی ئەو هێزە بە تۆمەتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەتایبەت (دژ بە کۆڵبەرەکان) دەکات.

 

دەرەنجام

لە ڕاپۆرتی ئامادەکراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ساڵی ٢٠٢٣، دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە ئەم ڕاپۆرتە دۆخی قەیراناوی و مەترسیداری کۆڵبەرەکان لە سنوورەکانی کوردستاندا ئاشکرا دەکات. ئەم بارودۆخە نە تەنیا ڕاگەیێنەری کێشەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی قووڵە کە کۆڵبەرەکان بۆ لای ئەو پیشە پڕمەترسییە هاندەدات، بەڵکوو پیشاندەری پێشێلکرانی جددیی مافی مرۆڤ و نەبوونی پاڵپشتیی دادوەری و ئەمنییەتی پێویست لەو کەسانەیە. هەڵکشانی ژمارەی کوژراوان و برینداربووان لە نێوان کۆڵبەرەکاندا، بەتایبەت منداڵان، نیشاندەری نەبوونی لێهاتوویی ئەو سیاسەتەی کە هەیە و خێرایی پێویستی بە پێداچوونەوە و کردەوەیەکی کاریگەرە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر پێویستی سەرنجدانی نێودەوڵەتی بەو بابەتە و لە پێشگرتنی ڕێگەیەکی گشتی بەمەبەستی چارەسەری قەیرانی مرۆڤی و سازکردنی دۆخێکی ئەمن و دادپەروەرانە بۆ دانیشتووانی سنوورەکان پێداگریدەکات.

هەڵکشانی توندوتیژی و مەترسی گیانی دژ بە کۆڵبەرەکان لە سنوورەکانی کوردستاندا نە تەنیا نیشاندەری دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خراپ، بەڵکوو نیشاندەری پێشێلکرانی جددیی مافی مرۆڤی کۆڵبەرەکان، بەتایبەت لە بواری مافی ژیان و ئەمنییەتی تاکەکەسی، بەپێی ماددەی ٣ لە ڕاگەیەنراوەی جیهانی مافی مرۆڤە. پاراستنی تاوانباران لە بواری دادوەرییەوە، توندوتیژی دژ بە کۆڵبەران و پاڵپشتینەکردن لە قوربانیان و بنەماڵەکانیان، پێشێلکرانی ئاشکرای بنەمای وەڵامدانەوە و بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر مافی مرۆڤەدایە. ئەو دۆخە لەگەڵ بنەماکانی بەرپرسیاربوونی دەوڵەتەکان سەبارەت بە پاڵپشتی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ کە لە یاساکانی نێودەوڵەتی و پەیمانە جیهانییەکاندا پێداگری لەسەر کراوە، لە دژایەتیدایە.

ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە مرۆڤییە، نە تەنیا پێویستی بە کردەوەی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ باشتربوونەوەی دۆخی ژیانی کۆڵبەرەکان هەیە، بەڵکوو پێویستە بەرپرسیاریەتی دەوڵەتەکان و ناوەندە پەیوەندیدارەکان بۆ پاراستنی مافی ئەو کەسانە و بردنە سەرەوەی ستانداردەکانی مافی مرۆڤ بەشێوەی جددی بایەخی پێ بدڕێت.

 

دانلۆدی فایلی PDF


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە