ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی ژنان بەبۆنەی ٨ی مارسی ٢٠٢٦
لەو ڕاپۆرتە ئامارییەی کە بەبۆنەی ٨ی مارسی ٢٠٢٦ ئامادە کراوە، هەنگاو سەرەتا ئاماری کوژرانی ٢٥٠ ژن لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار دەخاتە ڕوو و پاشان ئامارەکانی پەیوەندیدار بە پێشێلکردنی مافی ژنان لە ئێران دەهێنێتە بەر باس. لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانی کەم ٥٥ ژن لەسێدارە دراون. هەروەها ٨٠ ژن ڕووبەڕووی سزای وەک لەسێدارەدان، ڵیدانی قامچی و زیندانی بوونەتەوە و لانی کەم ١٨٢ ژن دەستبەسەر کراون. هاوکات ٢٠٧ حاڵەتی ژنکوژیش تۆمار کراوە.
کورتەیەک لە کوژران و دەستبەسەرکردنی ژنان لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٤، لانی کەم ٢٥٠ ژن لە شارە جیاجیاکانی ئێران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت کوژراون. هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی تەواوی ٢٠٤ کەسیان پشتڕاست بکاتەوە.
هەروەها سەرەڕای ئەو ٢٥٠ ژنە، لانی کەم ٢٥ کچی تەمەن خوار ١٨ ساڵ کوژراون کە ناسنامەی ١٩ کەسیان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە.
زۆرترین ژمارەی ژنانی کوژراو لەم پارێزگایانەدا تۆمار کراون:
ـ پارێزگای تاران: ٦١ ژن
ـ پارێزگای ئیسفەهان: ٢٩ ژن
ـ پارێزگای ئەلبورز: ٢٤ ژن
ـ پارێزگای گیلان: ٢٣ ژن
ـ پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی: ٢٢ ژن
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو:
ـ لانی کەم ٢٢ کچە خوێندکاری زانکۆ لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥دا کوژراون.
ـ لانی کەم ٢ مامۆستای ژن لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥دا کوژراون.
ـ لانی کەم ٧ پزیشکی ژن، پەرستار و کادری دەرمان کوژراون.
هەروەها هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی ٢٦٣ ژن پشتڕاست بکاتەوە کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ئەمساڵدا لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانی کەم ٥٥ ژن لەسێدارە دراون
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ی زاینیدا، لانی کەم سزای لەسێدارەدانی ٥٥ ژن لە زیندانە جیاجیاکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ئەمە بەرزترین ئاماری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ژنانە لە ماوەی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا لە ئێراندا بووە.
دابەشبوون بەپێی تۆمەتەکان:
تۆمەتی چالاکیی ئایینی: ١ حاڵەت
تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست: ٣٦ حاڵەت
تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر: ١٨ حاڵەت
کورتەیەک لەسەر لەسێدارەدانی ژنان:
ـ لانی کەم ١١ ژنی تورک لەسێدارە دراون.
ـ لانی کەم ٣ ژنی لۆڕ، ٢ ژنی گیلەک و ٢ ژنی کورد لەسێدارە دراون.
ـ زۆرترین جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ژنان بە ٩ حاڵەت لە پارێزگاکانی فارس و خۆراسانی ڕەزەوی تۆمار کراوە.
ـ لە پارێزگای ئیسفەهان لانی کەم ٦ ژن لەسێدارە دراون.
ـ سزای لەسێدارەدانی لانی کەم دوو ژن بە نهێنی و بەبێ مافی دوا دیدار جێبەجێ کراوە.
ـ تەنیا ٤ حاڵەت لە لەسێدارەدانەکان، واتە ٧٪یان، لە میدیا حکومەتییەکاندا ڕاگەیەندراون.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پلەی یەکەمی لەسێدارەدانی ژنان لە جیهاندا دایە.
دەرکردنی سزای بەندکران، لێدانی قامچی و لەسێدارەدان بۆ چالاکانی ژن
لە ماوەی ساڵی زایینی ڕابردوودا لانی کەم ٨٠ ژنە چالاکوان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕووی سزاکانی وەک بەندکران، لێدانی قامچی و لەسێدارەدان بوونەتەوە.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو:
ـ لانی کەم دوو ژنە چالاکوان بە ناوەکانی نەسیمە ئیسلامزەهی (هاووڵاتیی بەلووچ) و زەهرا شەهباز تەبەری (هاووڵاتیی گیلەک) سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.
ـ لانی کەم ٧٨ ژنە چالاکوان بە گشتی سزای ٣٥٤ ساڵ و ١٠ مانگ و ١٢ ڕۆژ زیندانیی تەعزیرییان بەسەردا سەپاوە.
ـ لانی کەم دوو ژنە چالاکوان بە گشتی سزای لێدانی ٢٥٢ قامچییان بەسەردا سەپاوە.
ـ لانی کەم ٣ ژنە چالاکوان سزای ٩ ساڵ دەسبەسەرکردنی هەڵپەسێردراویان (تعلیقی) بەسەردا سەپاوە.
زۆرترین سزاکان:
ـ لە ساڵی ڕابردوودا ٢٠ ژنە چالاکوانی بەهایی بە کۆی گشتی سزای ٨٨ ساڵ و یەک مانگ و یەک ڕۆژ زیندانییان بەسەردا سەپاوە.
ـ لانی کەم ٨ ژنە چالاکوانی کورد سزای ١٨ ساڵ و ٩ مانگ زیندانییان بەسەردا سەپاوە.
ـ لانی کەم ١ ژنە گیلەک سزای لەسێدارەدان و ٧ ژنیش سەرجەم سزای ٩ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.
دەستبەسەرکردنی لانی کەم ١٨٢ ژن لە ساڵی ٢٠٢٥دا
لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لانی کەم دەستبەسەرکردنی ١٨٢ ژن لە شارە جیاجیاکانی ئێران لەلایەن هەنگاوەوە تۆمار کراوە و ناسنامەیان پشتڕاست کراوەتەوە. ئەم ئامارە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بەهۆی چالاکیی سیاسی، ئایینی، مەدەنی یان بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا دەستبەسەر کراون.
وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەو ١٨٢ ژنە:
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٥دا لانی کەم ١٨٢ ژنە چالاکوان دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ١١٪ی کۆی دەستبەسەرکراوانی ئەو ساڵە.
ـ لانی کەم ٥١ ژنی بەهایی دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ٤١ ژنی کورد دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ١٤ ژنی گیلەک دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ١٠ ژنی لۆڕ دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ٦ کچە خوێندکاری زانکۆ دەستبەسەر کراون.
ـ لانی کەم ٣ مامۆستای ژن دەستبەسەر کراون.
دەستبەسەرکردن، ڕفاندن و زیندانیکردنی نایاسایی ژنان، هەروەها دەرکردنی سزای قورس بۆ چالاکییە مەدەنی و سیاسییەکان یان بەڕێوەبردنی دادگای نادادپەروەر و ناڕوون لە پەیوەندی بە کوشتن و ماددەی هۆشبەر، بەشێکن لە سیستەمی دادوەریی سەرکوتکردنی ژنان لە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
تۆمارکردنی ٢٠٧ حاڵەتی ژنکوژی لە ساڵی ٢٠٢٥دا
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٥ی زاینیدا، کوشتنی لانی کەم ٢٠٧ ژن لە ئێران تۆمار کراوە. لەو ژمارەیە، ٣١ حاڵەت (١٤.٥٪) بە پاڵنەری پەیوەندیدار بەوەی کە پێی دەوترێت "نامووس" ڕووی داوە.
وردەکاریی زیاتر:
ـ لانی کەم ١٣ ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داواکاریی هاوسەرگیری کوژراون.
ـ لانی کەم ١٠ ژن بەهۆی داواکاریی جیابوونەوە (تەڵاق) لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون.
ـ لانی کەم ١٠ ژن کە قوربانیی هاوسەرگیریی پێشوەختە (کودکهمسری) بوون لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون.
ـ لانی کەم ٧ ژن کە قوربانیی هاوسەرگیریی زۆرەملێ بوون کوژراون.
ئەو پارێزگایانەی بەرزترین ئاماری ژنکوژییان هەیە:
تاران: ٣٢ حاڵەت
پارێزگاکانی مازەندەران،خۆراسانی ڕەزەوی و ئورمیە: هەر کامەیان ١٤ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ١٣ حاڵەت
پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، فارس و سیستان و بەلووچستان: هەر کامەیان ١١ حاڵەت
پارێزگاکانی گێڵان و لوڕستان: هەر کامەیان ١٠ حاڵەت
پارێزگای کرمان: ٧ حاڵەت
پارێزگاکانی خوزستان و ئەلبورز: هەر کامەیان ٦ حاڵەت
زۆربەی ئەم ژنکوژییانە لەلایەن کەسە نزیکەکانی ژنە کوژراوەکانەوە، لەوانە هاوسەر، هاوسەری پێشوو، باوک، برا و ئەندامانی دیکەی خێزان ئەنجام دراون. ئەمە شێوازێکی جێگیرە لە زۆربەی ژنکوژییەکاندا.
تۆمارکردنی ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە کە بەهۆی یاساکانی دژە ژنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها دابونەریتە پیاوسالارانە و "نامووسییەکان" لە کۆمەڵگەی ئێراندا، بەشێکی بەرچاو لە ژنکوژییەکان لە ڕیزی "ئامارە شاردراوەکان"دان. بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، لە هەر شوێنێک ئاماری ناڕاست و ناڕوونیی دادوەری لەبارەی ژنکوژییەکانەوە هەبێت، کارەساتێکی گەورەتر لە ئارادایە.
هەروەها لە نەبوونی میکانیزمە یاساییەکاندا، تەنیا ناوەندە مەدەنی و ناحکومییە سەربەخۆکان دەتوانن ئاماری ژنکوژییەکان تۆمار بکەن. لە زۆربەی ناوچەکانی ئێراندا ڕێکخراوی لەو شێوەیە بوونیان نییە و ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە لە هەندێک ناوچەی ئێراندا هیچ ئامارێکی ورد سەبارەت بە ژنکوژییەکانەوە لەبەردەستدا نییە.
کورتەیەک لە پێشێلکردنی مافی ژنان لە کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٥دا
ـ لانی کەم دوو ژنی کورد خەڵکی ئیلام و ئورمیە بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر و کوشتنی ئەنقەست، لە بەندیخانەکانی شیراز و ئورمیە لەسێدارە دراون.
ـ لانی کەم ٨ ژنە چالاکوانی کورد سزای ١٨ ساڵ و ٩ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.
ـ لانی کەم ٢ ژنە چالاکوانی کورد بە گشتی سزای ٦ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان (تعلیقی) بەسەردا سەپاوە.
ـ لانی کەم ٤١ ژنە چالاکوانی کورد لەلایەن دامەزراوە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
تۆمارکردنی حاڵەتەکانی ژنکوژی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانی کەم ٣٠ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاجیاکانی کوردستان تۆمار کراوە.
حاڵەتە تۆمارکراوەکانی ژنکوژی بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
پارێزگای کرماشان: ١٣ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ٦ حاڵەت
پارێزگای کوردستان (سنە): ٥ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ٥ حاڵەت
پارێزگای خۆراسانی باکوور: ١ حاڵەت
کوژران و دەستبەسەرکردنی ژنانی کورد لە خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ (ژانویەی ٢٠٢٦)
تیمی پشتڕاستکەرەوەی هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی ناسنامەی ٢٤ ژنی کورد کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا کوژراون، پشتڕاست بکاتەوە.
لەو ژمارەیە، لانی کەم ١١ ژن لە پارێزگای تاران، ٥ ژن لە پارێزگای کرماشان، ٣ ژن لە پارێزگای ئەلبورز، ٢ ژن لە پارێزگای گێڵان، ٢ ژن لە پارێزگای خۆراسانی باکوور و لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەویش ژنێکی کورد کوژراون.
هەروەها سەرەڕای ئەو ٢٤ ژنە، لانی کەم ٣ کچە کوردی تەمەن خوار ١٨ ساڵ لە کاتی ئەو خۆپیشاندانانەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون.
ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەروەها توانیویەتی تا ئێستا ناسنامەی ٥٠ ژنی کورد کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا دەستبەسەر کراون، پشتڕاست بکاتەوە.