ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی؛ دەستبەسەرکرانی ٦ مامۆستای زمانی کوردی و سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر ٧ مامۆستای دیکە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا

٣ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٨:٢٥

هەنگاو؛ هەینی ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا، گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ناوەندە مەدەنییەکان و مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی لە شارە جیاوازەکانی کوردستان زیاتر بووە بەشێوەیەک کە ٦ کەس لە مامۆستایانی زمانی کوردی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و ٧ مامۆستای زمانی کوردی دیکە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٢٠ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و ١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپێندراوە.

مافی زمانی دایکی یەک لە بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت لە وڵاتێکی فرە ڕەنگی ئیتنیکی-زمانییە. ئامانج لەو مافە چۆنیەتیی دەستڕاگەیشتنی کەمینە زمانییەکان لە بارودۆخی کۆمەڵگایەکدایە کە تەنیا یەک زمانیان نییە و ئەو مافە دێتە ئاراوە تا کەمینە زمانییەکان بەجێی کەڵکوەرگرتن لە زمانی زۆربە لە زمانی دایکی خۆیان بەتایبەت لە فێرکاری و پەروەردەدا کەڵک وەربگرن.

زمانی کوردی، لەگەڵ کەمینە زمانییەکانی دیکە، لە ئێران بەردەوام لە سەرەتای دەوڵەت-نەتەوەسازی و ناوەڕۆکی نوێی دەوڵەت قوربانیی حکومەتی یەک زمانی و نکۆڵیکردن بووە. ئەو سیاسەتە دەمارگرژانە بە پاساوی جوداییخوازی لە کاتی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە زیاتر بووە بەشێوەیەک کە دەزگا ئەمنییەکان بە بەسەرداشکاندنەوەی تەواو لەسەر سیاسەتەکانی فێربوون، کۆمەڵایەتی و دادوەری هیچکات ئیزنی کەڵکوەرگرتن لە مافی زمانی دایکی تەنانەت لە کەمترین ناوەڕۆکی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتییان نەداوە و تەنانەت ئەو چالاکانەی خۆبەخشانە زمانی کوردییان فێری هاووڵاتییان کردووە بە سازکردنی دۆسیەی ئەمنییەوە دەستبەسەر کراون و سزای قورسیان بەسەردا سەپێندراوە.


ناوی مامۆستایانی زمانی کوردی کە لە ساڵی ٢٠٢٤دا دەستبەسەر کراون؛

لەو پێڕستەدا سووسەن حەسەنزادە و حاجی بەرزە جارێک دەستبەسەر کراون و جارێکی دیکە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەیان بۆ بەندیخانە گواستراونەتەوە.

۱ـ سووسەن حەسەنزادە خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ۱۵ی ئەپریلی ٢٧٢٤ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
۲ـ حاجی بەرزه خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ۸ی مەی ۲۰۲۴ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرا.
۳ـ سەمیع مەحموودی ئەقدەم خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ۲۰ ژوئەنی ۲۰۲۴ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
۴ـ سەیوان ئیبراهیمی خەڵکی کامێران، لە ڕێکەوتی ۳ی جولای ۲۰۲۴ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.
۵ـ ئومێد رۆستەم‌پوور خەڵکی سنه، لە ڕێکەوتی ۱۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۴ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
۶ـ ئازاد عەباسی خەڵکی دێولان لە ڕێکەوتی ۳۱ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۴ دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی قوروە گواسترایەوە.
۷ـ سووسەن حەسەنزاده خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ۲۶ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۴ بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.
۸ـ حاجی بەرزه خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ۱۸ی دیسەمبەری ۲۰۲۴ دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.


ناوی مامۆستایانی زمانی کوردی که لە ساڵی ۲۰۲۴دا سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە؛

۱ـ سۆما پوورمحەممەدی خەڵکی سنە، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە سزای ۱۰ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
۲ـ سووسەن حەسەنزاده خەڵکی بۆکان، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی بۆکان سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
۳ـ ئازاد عەباسی خەڵکی دێولان، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دێولان سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
۴ـ حاجی بەرزه خەڵکی پیرانشار، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار سزای ٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
۵ـ ئیدریس مینبەری خەڵکی سنە، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە سزای ۱ ساڵ بەندکران و ١ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.
۶ـ سروه پوورمحەممەدی خەڵکی سنە، لە لایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
۷ـ موژگان کاووسی خەڵكی کەلاردەشت، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ساری سزای ۱ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە