ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لەسەر کوژران و برینداربوونی ٣٣٩ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤

٣٠ بەفرانبار ٢٧٢٤، ٢٣:١٤

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی بەفرانباری ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا لانی کەم ٣٣٩ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندارکراون. ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٢٪ بەرز بووەتەوە.

 

ئەو ڕاپۆرتە لە ١٢ بەش پێکهاتووە کە بە جیاوازی لەگەڵ هێڵکاری و وردەکاریی زیاتر باس دەکرێن؛

١- ڕوانینێکی کورت لەو ڕاپۆرتە ئامارییە
٢- پێشەکی
٣- پارێزراو بوونی بکوژانی کۆڵبەران لە بواری دادوەرییەوە
٤- هەڵسەنگاندنی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٤ بەراورد بە ئامارەکانی ساڵی
٢٠٢٣
۵- هۆکاری کوژران یان برینداربوونی کۆڵبەران
۶- کوژران و برینداربوونی ١٩ منداڵی کۆڵبەر لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤
۷- جیاکردنەوەی کۆڵبەرانی کوژراو و بریندار بەپێی پارێزگاکان
۸- سنووری بانە و نەوسوود؛ شوێنی کوشتاری کۆڵبەران لە ساڵی ٢٠٢٤
۹- هەنگاو داوا دەکات هەنگی سنووریی ئێران بخرێتە ناو لیستی گەمارۆکانەوە
۱۰- کوژران و برینداربوونی ٤ کۆڵبەر لە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق
۱۱- هێڵکاریی کۆڵبەرانی قوربانی بەپێی مانگەکان
۱۲- دەرەنجام
 

بەشی یەکەم؛ ڕوانینێکی کورت لەسەر ڕاپۆرتەکە

٥٧ کۆڵبەر کوژراون و ٢٨٢ کۆڵبەر و کاسبکار بریندار کراون.
زیاتر لە ٨١٪ی کۆڵبەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراون و یان بریندار کراون.

لانی کەم یەک منداڵی کۆڵبەر کوژراوە و ١٨ منداڵ بریندار کراون.
پارێزگای سنە بە تۆمارکردنی ١٥٨ حاڵەتەوە زیاترین ئاماری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرانی تێدا تۆمارکراوە.
سنووری نەوسوود بە ١٥٠ حاڵەتەوە زیاترین ژمارەی قوربانییانی تێدا تۆمار کراوە.
لانی کەم ٨٤٪ی کۆڵبەران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.
لانی کەم ١ کۆڵبەر بەدەستی سنوورەوانیی عێراق کوژراوە و ٣ کۆڵبەری دیکە بریندار کراون.
لە ماوەی مانگی مارس زیاترین ئاماری قوربانیبوونی کۆڵبەران تۆمار کراوە کە ٩٥ حاڵەت بووە.


بەشی دووەم؛ پێشەکی

کۆڵبەری، پیشەیەکی بەسەردا سەپێندراو بەمەبەستی دابینکردنی کەمترین پێداویستییەکانی ژیانە.

بەهۆی ڕوانینی ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان و بەگشتی لە کوردەکان، لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە لە حاکمیەتی خۆیدا و لە ئاکامی گەشەنەکردن و نەبوونی دەرفەت و هەلی کار لە کوردستان، کۆڵبەری وەکوو پیشەیەک بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپێندراوە.

لە سنوورەکانی کوردستان (پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ئورمیە) زۆربەی کەسانێک کە تەمەنیان لە نێوان ١٣ تا ٧٠ ساڵە خەریکی کۆڵبەرین و کاڵای گومرگ نەکراوی بازرگانەکان لە شوێنە ئەستەمە سنوورییەکان، بە کۆڵ یان بە ئێستر لە بەرانبەر حەقدەستێکی کەمدا کە کاتی وایە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانیان، لە هەرێمی کوردستانەوە بە پێوانی مەودایەکی نزیک لە ١٠ کیلۆمەتر کە زۆربەی ئەو مەودایە لە نێوان ناوچە شاخاوییە ئەستەمەکاندایە، بەرەو سنوورەکانی ئێران هەڵدەگرن.

لە نێو ئەو کەرەستانەی کە لەلایەن کۆڵبەرەکانەوە دەگوازرێنەوە، دەتوانین ئاماژە بە

کەرەستەی ناوماڵ
شت و مەکی جوانکاری و خاوێنکردنەوە
لاستیک
قوماش
کەل‌وپەلی یەدەکیی ئۆتۆمبێل
کەرەستەی خاوی کارگەکان
دانەوێڵە و... بکەین.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لەنێوان ١٠٠ تا ١٥٠ هەزار کەس لە سنوورەکانی کوردستاندا کۆڵبەری دەکەن و ساڵانە سەدان کەس لەوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێزە چەکدارەکانی تورکیا و سنوورەوانیی عێراق، یان بەهۆی ڕووداوی سروشتی وەکوو خنکان، بەربوونەوە لە شاخەکان و تەقینەوەی مین دەکوژرێن و یان بریندار دەکرێن.
 

بەشی سێیەم: پارێزراو بوونی بکوژانی کۆڵبەرەکان لە دادگاکاندا

کۆڵبەری لە کوردستان، کە لە ئاکامی سیاسەتەکانی هەڵاواردنی نەتەوەیی حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکهاتووە، قەیرانێکی مرۆڤیی لەو ناوچەیەدا ساز کردووە. هێزە چەکدارەکانی ئێران، کە لەڕاستیدا لە بواری دادوەرییەوە پارێزراون، بەشێوەی ڕاستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەران دەکەن و لە زۆربەی کاتەکاندا دەبنە هۆی کوژران یان برینداربوونیان. ئەو ڕەوتە، لە نیشانەکانی ئەنجامی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە کە پاڵپشتی چڕی حکومەت و دەزگای دادوەریی ئێرانی لە پشتە.

لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای کوژرانی زیاتر لە ٥١٧ کۆڵبەر و برینداربوونی زیاتر لە ١٦٨٢ کۆڵبەری دیکە، هیچکام لە تاوانبارانی کوژرانی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن دەزگای دادی ئێرانەوە لێپرسینەوەیان لێنەکراوەتەوە و ئەو بارودۆخە، پاراستنی تەواوی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە هەر چەشنە بەدواداچوونێکی یاسایی و پاڵپشتیی ناوەندە حکومەتییەکان لە سەرکوتی ڕێکخراوانەی کۆڵبەران دەسەلمێنێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، ئەو کۆڵبەرانەی بریندار کراون و ئەو بنەماڵانەی ئازیزەکانیان لەدەست داوە، لەگەڵ نەبوونی پاڵپشتییەک لەلایەن ناوەند دەوڵەتی و یاساییەکاندا ڕووبەڕوون. نە تەنیا هیچ قەرەبوکردنەوەیەک بۆ ئەو قوربانییانە لەبەر چاو ناگیردرێت بەڵکوو لە هەندێک حاڵەتدا کۆڵبەرانی بریندار و بنەماڵەی گیانبەختکردووان سزای پێبژاردنی پارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ئەو سزایە بە بیانووی وەکوو ڕۆشتنەدەرەوەی نایاسایی لە سنوور و هەڵگرتنی کەرەستەی قاچاغ بەسەریاندا دەسەپێندرێت. لە هەمووی ئازاربەخشتر ئەوەیکە ژمارەیەک لە بنەماڵەی کۆڵبەرە کوژراوەکان بێجگە لەو ڕەنج و خەسارەی بەسەریاندا سەپێندراوە، ناچار بە بژاردنی نرخی ئەو گوللانە دەکرێن کە ڕوو لە ئازیزانیان پێکراون. ئەو ڕەوتە کە بە شێوەیەک سەر لە نوێ قوربانی کردنەوەی قوربانییانە، کێشەی یاسایی و ماڵیی قورسی بۆ بنەماڵەی کۆڵبەران ساز کردووە و قەیرانێکی زیاتری بۆ ساز کردوون.
 

بەشی چوارەم/هەڵسەنگاندنی ئاماری ساڵی ٢٠٢٤ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٤ لانی کەم ٥٧ کۆڵبەر و کاسبکار لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و ٢٨٢ کۆڵبەر بریندار کراون. زیاتر لە ٨٠٪ی ئەو قوربانییانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی و ٥.٦٪ی قوربانییان (١٩ حاڵەت) منداڵ بوون.

ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی نیشان دەدات کە ژمارەی قوربانییان لە ساڵی ٢٠٢٤، لانی کەم ٥ حاڵەت کە دەکاتە ٢٪ زیاتر بووە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا ژمارەی قوربانییان ٣٣٤ کۆڵبەر بووە کە ٤١ کەسیان گیانیان لەدەست دابوو و ٢٩٣ کۆڵبەریش بریندار کرابوون.

سەرەڕای ئەوە ئەگەر لەسەر ژمارەی کوژراوان بەشێوەی تایبەت لێکۆڵینەوە بکرێت، لە ساڵی ٢٠٢٤ ژمارەی کۆڵبەرانی کوژراو بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ زیاتر لە ٣٩٪ زیاتر بووە لە ساڵی ٢٠٢٣، ٤١ کۆڵبەر کوژراون بەڵام ئەو ئامارە لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ٥٧ حاڵەت بەرز بووەتەوە.
 

بەشی پێنجەم/هۆکارەکانی گیانلەدەستدان یان برینداربوونی کۆڵبەران

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان کە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، زیاترین هۆکاری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە ساڵی ٢٠٢٤، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە کە ٨١٪ی سەرجەم حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت. باقی هۆکارەکانی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بریتین لە:

تەقەی ڕاستەوخۆ: ٢٧٢ حاڵەت (٤١ کوژراو و ٢٣١ بریندار) - ٨١٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەربوونەوە لە شاخەکان: ٢٧ حاڵەت (٦ کوژراو و ٢١ بریندار) - ٨٪ی کۆی حاڵەتەکان
ڕووداوی هاتووچۆ: ٧ حاڵەت (٢ کوژراو و ٥ بریندار) - ٢.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان
تەقینەوەی مین: ٥ حاڵەت (٥ بریندار) - ١.٥٪ کۆی حاڵەتەکان
ڕەقهەڵاتن لە سەرما: ٤ حاڵەت (٤ کوژراو) - ١.٥٪ کۆی حاڵەتەکان
لێدان و کوتان: ١٤ حاڵەت (١ کوژراو و ١٣ بریندار) - ٤٪ی کۆی حاڵەتەکان
فڕێدانی بەرد لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە: ٢ حاڵەت (٢ بریندار) - ٠.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان
خنکان لە ڕووبارەکان: ١ حاڵەت (١ کوژراو) ٠.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان
جەڵتەی دڵ: ٢ حاڵەت (٢ کوژراو) - ٠.٥٪ کۆی حاڵەتەکان
 

 

بەشی شەشەم/کوژران و برینداربوونی ١٩ منداڵی کۆڵبەر لە ساڵی ٢٠٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا لانی کەم ١٩ منداڵی کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە دەکاتە ٥.٦٪ی کۆی گشتی ئاماری ئەو کۆڵبەرانەی کە لەو ساڵەدا قوربانی بوون.

لەو ژمارەیە:

١ منداڵی کۆڵبەر گیانی لەدەست داوە.
١٨ منداڵ بریندار کراون.


هۆکاری کوژران یان برینداربوونی ئەو منداڵانە بەو شێوە بووە:

١٥ منداڵ (٧٩٪ی سەرجەم منداڵانی قوربانی) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار کراون
١ منداڵ (هەستیار عەبدولمەلەکی) بەهۆی ڕەقبردنەوە لە سەرمادا گیانی لەدەست داوە.
٢ منداڵ بە فڕێدانی بەرد لە لایەن هێزە چەکدارەکانەوە بریندار کراون.
١ منداڵ بەهۆی بەربوونەوە لە شاخەکان بریندار بووە.

لە بواری بڵاویی جوگرافیاییەوە زیاترین منداڵانی کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود بوونەتە قوربانی:

سنووری نەوسوود: ٩ منداڵی کۆڵبەر
بانە: ٥ منداڵی کۆڵبەر
سەردەشت: ٢ منداڵی کۆڵبەر
سەقز: ٢ منداڵی کۆڵبەر
مەریوان: ١ منداڵی کۆڵبەر
 

بەشی حەوتەم/جیاکردنەوەی کۆڵبەرانی کوژراو و بریندارکراو بەپێی پارێزگاکان

زیاترین حاڵەتەکانی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمار کراوە. بڵاویی ئاماری قوربانییان لە پارێزگا جیاوازەکانی کوردستان بەو شێوە بووە:

پارێزگای سنە: ١٥٨ حاڵەت (٣١ کوژراو و ١٢٧ بریندار)
٤٧٪ کۆی حاڵەتەکان

پارێزگای کرماشان: ١٥٣ حاڵەت (١٤ کوژراو و ١٣٩ بریندار)
٤٥٪ی کۆی حاڵەتەکان

پارێزگای ئورمیە: ٢٨ حاڵەت (١٢ کوژراو و ١٦ بریندار)
٨٪ی کۆی حاڵەتەکان
 

بەشی هەشتەم/٧٦٪ی کۆڵبەران لە سنوورەکانی بانە و نەوسوود قوربانی کراون

لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا لانی کەم ٢٥٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی دوو شاری نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان و بانەی سەر بە پارێزگای سنە کوژراون و یان بریندار کراون کە ئەو ئامارە زیاتر لە ٧٦٪ی سەرجەم حاڵەتە تۆمارکراوەکان لە تەواوی سنوورەکانە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ساڵی ٢٠٢٣، ٨٣٪ی کۆی قوربانییانی کۆڵبەری دیسان لەو دوو سنوورەدا تۆمار کرابوون.

سنووری نەوسوود: ١٥٠ کۆڵبەر قوربانی کراون کە ١٣ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.
سنووری بانە: ١٠٧ کۆڵبەر قوربانی کراون کە ١٧ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.
 

 

بەشی نۆیەم/ داوای گەمارۆدانی سنوورەوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بواری چەک و ماڵییەوە

بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشان دەدات کە مستەفا مورادی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری بانەی سەر بە پارێزگای سنە و نەوزەر مورادی فەرماندەی سنوورەوانیی پاوە لە پارێزگای کرماشان، ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆیان لە کوشتاری کۆڵبەرەکاندا بووە و تەنانەت لە چەند حاڵەتدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بوونەتە هۆی کوژرانی کۆڵبەران.

لە سەرجەم ئەو ٣٣٩ کۆڵبەرەی لە ساڵی ٢٠٢٤ قوربانی بوون، لانی کەم ٢٨٤ حاڵەت (٨٤٪ی کۆی قوربانییان) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون یان بریندار کراون. لەو نێوانەدا ٣٦ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و ٢٤٨ کۆڵبەریش بریندار کراون.

بە گرنگیدان بە چوونە سەرەوەی ڕۆژانەی کوشتاری کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان بریندار دەکرێن و یان دەکوژرێن، هەنگاو داوای گەمارۆی چەک و ماڵیی هێزی هەنگی سنووریی کۆماری ئیسلامی و شوێنکەوتنی نێودەوڵەتیی فەرماندە باڵاکانی ئەو هێزە بە تۆمەتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەکات.
 

بەشی دەیەم/ کوژران و برینداربوونی ٤ کۆڵبەر لە لایەن سنوورەوانیی عێراق

لە ساڵی ٢٠٢٤، لانی کەم ٤ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سنوورەوانیی عێراق کراونەتە ئامانج کە لە ئاکامیدا ١ کەس گیانی خۆی لەدەست داوە و ٣ کەسی دیکەش بریندار کراون. سەرجەم ئەو حاڵەتانە لە سنووری نێوان هەڵەبجە و نەوسوود ڕوویان داوە.
 

بەشی یازدەیەم/ هێڵکاریی کۆڵبەرانی قوربانی بەپێی مانگەکان

لێکۆڵینەوە لەسەر ئاماری قوربانییانی کۆڵبەری لە ساڵی ٢٠٢٤ نیشان دەدات کە زیاترین حاڵەتەکانی کوشتن و برینداربوونی کۆڵبەران لە ماوەی مانگی مارسدا ڕووی داوە. لەو مانگەدا ٩٥ حاڵەت (٢٨٪ی کۆی حاڵەتەکان) تۆمار کراوە. هەروەها لە مانگی فێبریوەری ٦٥ حاڵەت و لە مانگی جەنیوەری ٥٣ حاڵەت لە کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران تۆمار کراوە.
 

بەشی دوازدەهەم/دەرەنجام

لێکۆڵینەوە لەسەر ئامار و بەڵگەکان لەو ڕاپۆرتەدا نیشان دەدات کە بارودۆخی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان لە دۆخێکی قەیراناوی و جێی نیگەرانیدایە. ئەو بارودۆخە نە تەنیا نیشانەی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەکە کە کۆڵبەرانی بەرەو لای ئەو پیشە مەترسیدارە هان داوە بەڵکوو پێشێلکردنی ئاشکرا و ڕێکخراوانەی مافی مرۆڤە.

هەڵکشانی ژمارەی کوژراوان و برینداربووان لە نێوان کۆڵبەرەکاندا، بەتایبەتی منداڵان، نیشاندەری نەبوونی لێهاتوویی سیاسەتەکانی ئێران لەو بوارەدا و خێرایی پێویستی بە پێداچوونەوە و کردەوەیەکی کاریگەرە. ئەم ڕاپۆرتە لەسەر پێویستی سەرنجدانی نێودەوڵەتی بەو بابەتە و لە پێشگرتنی ڕێگەیەکی گشتی بەمەبەستی چارەسەری قەیرانی مرۆڤی و سازکردنی دۆخێکی ئەمن بۆ کۆڵبەران پێداگری دەکات.

زیاتربوونی توندوتیژی دژ بە کۆڵبەران، پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما مافی مرۆڤییەکان وەکوو مافی ژیان و ئاسایشی تاکەکەسی (ماددەی ٣ی ڕاگەیەندراوەی جیهانیی مافی مرۆڤ)یە و پارێزراو بوونی تاوانبارانی ئەو توندوتیژییانە و نەبوونی پاڵپشتییەکی دادوەری لە قوربانییان و بنەماڵەکانیان، بەپێچەوانەی بنەماکانی بەرپرسیارێتیی دەوڵەتەکان لە بەرانبەر مافەکانی مرۆڤدایە.

هەنگاو پێداگری دەکات کە بۆ کۆتایی هێنان بەو قەیرانە مرۆڤییە بێجگە لە لەپێشگرتنی هەوڵێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەمەبەستی چاکسازیی ژیانی کۆڵبەران، پێویستە ناوەندە نێونەتەوەیییەکان، دەوڵەت و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان بەرپرسیارێتییەکی زیاتریان لە بەرانبەر ئەو قەیرانەدا هەبێت و هەنگاوێکی کاریگەر بۆ پاراستنی مافەکانی کۆڵبەران و بەرپرسیارکردنەوەی تاوانباران لەپێش بگرن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە