ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە دەستبەسەرکران و دەرکردنی سزای بەندکران بۆ چالاکانی بواری زمانی دایک لە ساڵی ٢٠٢٥دا
هەنگاو؛ شەممە ٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراون، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٥ی زایینیدا، گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ناوەندە مەدەنییەکان و مامۆستایانی خۆبەخشی زمانی کوردی، تورکی و بەلوچی لە شارە جیاوازەکاندا زیادی کردووە، بە شێوەیەک کە لانی کەم ١٥ چالاکی بواری زمانی دایک (کوردی، تورکی و بەلوچوی) دەستبەسەر کراون و لانی کەم ٤ کەسیان سەرجەم سزای ٢٦ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکران و ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان (تعلیقی) بەسەردا سەپاوە.
چالاکانی دەستبەسەرکراوی بواری زمانی کوردی
١. کەیوان مینوویی، چالاکی خەڵکی مەریوان، لە ڕێکەوتی ٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ دەستبەسەر کراوە.
٢. سروە پوورمحەممەدی، چالاکی خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.
٣. سمکۆ یووسفی، چالاکی خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ دەستبەسەر کراوە.
٤. عومەر محەممەدی، چالاکی خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ دەستبەسەر کراوە.
٥. سەجاد حائێری، چالاکی کورد و خەڵکی ئێران و دانیشتووی دەماوەند، لە ڕێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ دەستبەسەر کرا.
٦. ئەعزەم ناسری، چالاکی کورد و خەڵکی شیروانی خۆراسانی باکوور، لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ دەستبەسەر کراوە.
٧. حوسێن سەیفی، خەڵکی شیروانی باکوور، لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ دەستبەسەر کراوە.
٨. جەوهەر هەرکی، چالاکی خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەری ٢٧٢٥ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا.
٩. ئیدریس منبەری، چالاکی خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٧ی گەڵاڕێژانی ٢٧٢٥ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کراوە.
١٠. سمکۆ یووسفی، خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ١٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ بۆ جاری دووهەم لەمساڵدا دەستبەسەر کرا.
١١. عومەر محەممەدی، چالاکی خەڵکی شنۆ، لە گەڵاڕێژانی ٢٧٢٥ بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کراوە.
دەستبەسەرکرانی چالاکانی بواری زمانی بەلوچی
١. سەعید ڕەئیسی، خەڵکی مێهرستانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ دەستبەسەر کرا.
٢. موحسین ڕەئیسی، خەڵکی مێهرستانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لە ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ دەستبەسەر کرا.
دەستبەسەرکرانی چالاکانی بواری زمانی تورکی
١. محەممەد ئەسەدی، خەڵکی شاری مەراغە، لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ دەستبەسەر کراوە.
٢. بێهنام وەزیرینیا قەشقایی، چالاکی تورکی قەشقایی و دانیشتووی تاران، لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ دەستبەسەر کرا.
دەرکردنی سزای بەندکران بۆ چالاکانی بواری زمانی دایک
١. جەوهەر هەرکی، چالاکی کورد و خەڵکی شنۆ، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای ١٠ مانگ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپاوە.
٢. سەجاد حائیری، چالاکی کورد و خەڵکی ئیلام، لەلایەن دادگای شۆڕشی دەماوەندەوە سزای ٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپاوە.
٣. عومەر محەممەدی، چالاکی کورد و خەڵکی شنۆ، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و هەروەها ٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاوە.
٤. بێهنام وەزیرینیا قەشقایی، چالاکی تورکی قەشقایی، لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە لە کۆی گشتیدا سزای ١٨ ساڵ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپاوە.
مافی زمانی دایک یەکێک لە بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤە، بەتایبەت لە وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەزماندا. ئامانجی ئەم مافە ئەوەیە کە کەمینە زمانییەکان لە کۆمەڵگایەکدا کە یەک زمانی تێدا باڵادەستە، بتوانن لە تەنیشت بەکارهێنانی زمانێک بۆ پەیوەندیی گشتی، لە زمانی دایکی خۆیان بەتایبەت لە بوارەکانی پەروەردە، سیاسەت و کولتووردا سوود وەربگرن. ئەم بنەمایە جیا لەمە، ڕێگری دەکات لە فەوتانی زمانە کەمینەکان و لەناوچوونی کولتوور و مێژووی پەیوەست بەو زمانانە.
زمانەکانی کوردی، تورکی، بەلووچی، عەرەبی و گێلەکی لە تەنیشت کەمینە زمانییەکانی دیکە لە ئێراندا، لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەی نوێوە لە ئێران، هەمیشە بوونەتە قوربانیی یەکدەستکردنی زمان و نکۆڵیلێکردن. ئەم سیاسەتە لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە بیانووی "تۆمەتی جیاخوازی" توندتر بووەتەوە، بە شێوەیەک کە ناوەندە ئەمنییەکان بە سەپاندنی دەسەڵاتی تەواو بەسەر سیاسەتە پەروەردەیی، کولتووری و دادوەرییەکاندا، هیچ کات مۆڵەتی سوودمەندبوون لە مافی زمانی دایکیان تەنانەت لەو چوارچێوە کەمەیشدا کە لە ئەسڵی ١٥ی دەستووردا هاتووە، نەداوە. لە بارودۆخێکی وەهادا، دەوڵەت بە دروستکردنی دۆسیەی ئەمنی بۆ ئەو چالاکانەی کە تەنانەت بە شێوەی خۆبەخش خەریکی فێرکردنی زمانی دایکن، زەمینەی دەستبەسەرکردن و دەرکردنی سزای قورسی بۆ ڕەخساندوون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە لێکۆڵینەوە لە دۆخی دەستبەسەرکردن و سەرکوتە حکومەتییەکان لە بواری زمانی دایکدا، بارودۆخی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەم بوارەدا لە ئێران بە نالەبار و جێگەی نیگەرانی هەڵدەسەنگێنێت.