حوسێن حوسێنپوور، هاووڵاتییەکی ناڕازیی کە چاوی بریندار بووە، سزای بەندکردنی بەسەردا سەپاوە

هاووڵاتییەکی ناڕازیی برینداری خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی حوسێن حوسێنپوور، کە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ڕەوتی بزووتنەوەی "

٥ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٠:١٩

 

هەنگاو: شەممە، ٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی ناڕازیی برینداری خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی حوسێن حوسێنپوور، کە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا چاوی ڕاستی لەدەست داوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو شەش مانگی ماوەی دەستبەسەربوونی لە بەندیخانەی ٢ی شیراز تێپەڕ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ حوسێن حوسێنپوور، هاووڵاتیی ناڕازیی برینداری خەڵکی شاری مەهاباد، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی شیرازەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، پاش سەپاندنی ئەو بڕیارەی دادگا بەسەر حوسێن حوسێپوور و ملکەچ بوونی ناوبراو بۆ بڕیاری دادوەر، سزاکەی بۆ ١١ مانگ بەندکردن کەم کراوەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە ناڕازییە بریندارە لە کۆتاییی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا بۆ بەندیخانەی ژمارە ٢ی شیراز یان بەندیخانەی نیزام لە شیراز گواستراوەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، ناوبراو لە دەستبەسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە پابەند و دەستبەندەوە بۆ نەخۆشخانەی "خەلیلی"ی شیراز گواسترایەوە و دیسان بۆ دەستبەسەرگە گەڕێندرایەوە.

حوسێنپوور لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی و بەتایبەتی دەرمانی چاوی، بێبەری و بێبەش کراوە..

حوسێن حوسێپوور ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی خەرمانانی ئەمساڵ لەسەر ڕێگەی نووراوا مەمسەنی بەرەو گەچساران لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شیراز گواستراوەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە یەکێک لە قوربانییانی تەقەی بەئەنقەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا کە چاوی ڕاستی لەدەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە