کوژران و بریندار بوونی دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە و هەورامان
هەنگاو: ڕۆژی ڕابردوو کۆلبەرێک لە سنوورەکانی هەورامان بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە گیانی لە دەست دا و کۆڵبەرێکیش لە سنوورەکانی بانە بە تەقەی هێزەکان.
٢٩ ڕەشەمە ٢٧١٨، ١١:٠٠
هەنگاو: ڕۆژی ڕابردوو کۆلبەرێک لە سنوورەکانی هەورامان بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە گیانی لە دەست دا و کۆڵبەرطکیش لە سنوورەکانی بانە بە تەقەی هێزەکانی ئێران بریندار کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە (٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ / ١٩ی مارسی ٢١٠٩)، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی ژیوار سەر بە سەوڵاوا بە ناوی ”عارف ئەداک“ تەمەن ٤٥ ساڵ بە هۆی سەرما و جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کە خێزاندار بووە، لەکاتی کۆڵبەری و لە نێوان تەوێڵە و نەوسوود گیانی لە دەست داوە.
لەلایەکی دیکەوە و هەمان ڕۆژ، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە تەقەیان لە دەستیەک کۆڵبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بووە.
هەواڵنێری هەنگاو ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی ”ڕێبوار“ و خەڵکی گوندی ”بویینی سەروو“ ڕاگەیاندووە.