کوژران و برینداربوونی ١٣ کۆڵبەر لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤

١١ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢١:٠٩

هەنگاو؛ هەینی ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤دا، لانی کەم ١٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون یان بریندار کراون کە ٩٢٪ لە سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوونەتە قوربانی. ئاماری کوژرانی کۆڵبەران بەراورد بە مانگی ئەپریل ١٠٠٪ زیاتر بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٨ کۆڵبەر کوژراون و ٥ کۆڵبەریش بریندار کراون. لەو ماوەیەدا لانی کەم یەک منداڵی کۆڵبەری تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەردەشت بەناوی ئاریان مامەندی بە تەقەی چەکی ساچمەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، یەکێک لە چاوەکانی لەدەستداوە.

هێمن ئەحمەدی، واحید قادرپوور و عەتا ڕۆستەمپوور هەر سێ خەڵکی شاری سەقز، جەلال سوهرابی، محەممەد قادری و موعین تۆفیق پوور هەر سێ خەڵکی شاری بانە لەگەڵ سالار ئەحمەدی و سینا ڕەسووڵزادە هەر دوو خەڵکی شاری سەردەشت، ئەو هەشت کۆڵبەر و کاسبکارە بوون کە لە مانگی مەی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون. لە ماوەی مانگی ئەپریل ٤ کۆڵبەر کوژرابوون کە بەراورد بەو ئامارە ژمارەی کۆڵبەرانی کوژراو لە ماوەی مانگی مەی ١٠٠٪ هەڵکشاوە.

زیاترین کۆڵبەرانی قوربانی بە ١٠ حاڵەتەوە لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراون.
 

هۆکاری کوژران یان برینداربوون؛

تەقەی ڕاستەوخۆ: ١٢ حاڵەت بریتی لە (٨ کوژراو و ٤ بریندار) واتا ٩٢٪ کۆی حاڵەتەکان.

لێدان: ١ حاڵەت بریتی لە (١ بریندار) واتا ٨٪ کۆی حاڵەتەکان.
 

جیاکردنەوەی قوربانییان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای کرماشان: ١ حاڵەت بریتی لە (١ بریندار )

پارێزگای سنە: ١٠ حاڵەت بریتی لە (٧ کوژراو و ٣ بریندار )

پارێزگای ئورمیە: ٢ حاڵەت بریتی لە (١ کوژراو و ١ بریندار)


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە