کوژران و برینداربوونی ٦ کۆڵبەر لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
هەنگاو؛ هەینی ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا، لانی کەم ٦ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و یان بریندار کراون کە ٦٧٪ی سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە قوربانی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٣ کۆڵبەر کوژراون و ٣ کۆڵبەریش بریندار کراون. تاریق نەزەری خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، حوسێن کەماڵنیا خەڵکی پیرانشار لە ئەنجامی لێدانی و کوتانی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران و سیامەک حەسەنپوور خەڵکی سەردەشت بەهۆی بەربوونەوە لە چیاکان، ئەو سێ کۆڵبەرە بوون کە لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەردا گیانیان لەدەست داوە.
زیاترین ژمارەی کۆڵبەرانی قوربانی بە ٣ حاڵەتەوە لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە تۆمار کراون.
هۆکاری کوژران یان برینداربوون؛
تەقەی ڕاستەوخۆ: ٤ حاڵەت بریتی لە (١ کوژراو و ٣ بریندار) واتا ٦٧٪ی کۆی حاڵەتەکان.
لێدان لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران: ١ حاڵەت بریتی لە (١ کوژراو) واتا ١٦.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.
بەربوونەوە لە چیاکان: ١ حاڵەت بریتی لە (١ کوژراو) واتا ١٦.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.
جیاکردنەوەی قوربانییان بەپێی پارێزگاکان؛
پارێزگای کرماشان: ١ حاڵەت بریتی لە (١ کوژراو).
پارێزگای سنە: ٢ حاڵەت بریتی لە (٢ بریندار)
پارێزگای ئورمیە: ٣ حاڵەت بریتی لە (٢ کوژراو و ١ بریندار)