چڕکردنەوەی چەوساندنەوەی کۆڵبەران لە کوردستان؛ کوژرانی لانی کەم سێ کۆڵبەری کورد پاش ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل

٢٧ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ٢١:٣٣

هەنگاو؛ هەینی ۲۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

لە درێژەی ڕەوتی سەرکوتکردنی ڕێکخراوانەی هاووڵاتییان لە کوردستان، هاوکات لەگەڵ ئاگربەستی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، گوشار و توندوتیژییەکانی دژ بە کۆڵبەران زیاتر کراوەتەوە، بەشێوەیەک کە لانی کەم سێ کۆڵبەری کورد لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی فەرمیی ئێران، بە ڕاشکاوی و بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و "قاچاخی کەرەستە" هەڕەشەیان لە کۆڵبەران کردووە.

بە پێی بەڵگەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا و دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لانی کەم سێ کۆڵبەری کورد لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی خۆیان لەدەست داوە کە ناسنامەیان بەو شێوە بووە؛

سەیوان عەبدوڵڵازادە، کۆڵبەری تەمەن ۲۰ ساڵی خەڵکی گوندی «حەوتتاش»ی سەر بە شاری بانە، لە ڕێکەوتی ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۸ی ژۆئەنی ۲۰۲۵) کوژراوە.

خالید محەممەدی، تەمەن ۲۳ ساڵ خەڵکی گوندی «ئەنجێنە»ی سەر بە شاری بانە، لە ڕێکەوتی ۱۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۸ی جولای ۲۰۲۵) کوژراوە.

پەیام ئەحمەدی، خەڵکی گوندی «بەرقوڕوو»ی سەر بە شاری سەوڵاوا لە ڕێکەوتی ۲۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۵ی جولای ۲۰۲۵) کوژراوە.

هەروەها رۆژی ۱۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۴ی جولای ۲۰۲۵)، ڕزگار محەممەدی، کۆڵبەری تەمەن ۴۲ ساڵی خەڵکی شاری بۆکان، لە سنووری «هەنگەژاڵ»ی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەسەختی بریندار کرا و بەهۆی پێکرانی گورچیلەی بە گوللەی ئەو هێزانە نەشتەرگەریی بۆ کرا.

برینداربوون و کوژرانی ئەو کۆڵبەرانە لە کاتێکدا بووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تۆمەتی وەکوو "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی"یان داوەتە پاڵی کۆڵبەران و ڕاشکاوانە هەڕەشەیان لێ کردوون. ئەو کردەوانە سەلمێنەری درێژەی سیاسەتی چەوساندنەوەی ڕێکخراوانەی خەڵکی کوردستانن کە بە شێوەکانی دەستبەسەرکردن، لەسێدارەدان و توندوتیژیی راستەوخۆی روو لە کۆڵبەران ئەنجام دەدرێن.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۵ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، تەنیا یەک رۆژ دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل، سێ بەندکراوی کورد بەناوەکانی ئیدریس ئالی و ئازاد شوجاعی خەڵکی شاری سەردەشت و رەسووڵ ئەحمەد محەممەد خەڵکی شاری سلێمانی سەر بە هەرێمی کوردستان، کە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و "گواستنەوەی کەرەستەی پەیوەندیدار بە تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە"ەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دران.

هەواڵنێرە حکومەتییەکان وەکوو هەواڵنێری میزان بە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایانگەیاندووە "ئەو لەسێدارەدرانانە لە درێژەی کردەوە ڕاشکاوەکانی دەزگای دادوەریی ئێران لە وەڵامی سیخوڕانی ڕژێمی زایۆنی ئەنجام دراون."

لە درێژەی بەردەوامیی کەشی ئەمنی و سازکردنی بانگەشە بەبێ نیشاندانی بەڵگە، رۆژی ۱۰ی پووشپەڕی ۲۷۲۵، حوسێنعەلی حاجی دلیگانی، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ماددەی ۹۰ی پەرلەمان، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری حکومەتیی تەسنیمدا، کۆڵبەری بە کێشەیەکی ئەمنی ناو برد و داوای کردەوەی دەستبەجێی حکومەت بە مەبەستی توێژینەوە لەسەر ئەوەی بە «گواستنەوەی کەرەستەی سیخوڕی و سەربازی لە سنوورە نایاساییەکانی ڕۆژئاوای ئێران» ناوی لێ بردبووی کرد.

بە پێی ئاماری ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۵، لانی کەم ۱۰ کۆڵبەر کوژراون و ۱۲ کۆڵبەری دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان و هێزەکانی سوپای پاسداران بریندار کراون. ئەو ئامارە زیاتربوون و بەردەوامیی توندوتیژییەکان دژ بە کۆڵبەران نیشان دەدات.

شایەنی باسە کە کونتڕۆڵی سنوورەکان لە کوردستان چڕتر کراوەتەوە و هاتووچۆی کۆڵبەران بەشێوەی فەرمی قەدەغە ڕاگەیەندراوە. ئەو قەدەغەکردنە داهاتی ژیانی هەزاران کۆڵبەر و بنەماڵەکانیانی خستۆتە مەترسییەوە و بارودۆخی ژیانیانی سەختتر کردۆتەوە.

سەرکوتی کۆڵبەران بەشێک لە سیاسەتە ڕێکخراوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستانە کە دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر کراوە. تۆمەتبارکردنی کۆڵبەران بە سیخوڕی و قاچاخ، بیانوویەک بۆ توندوتیژی زیاتر، دەستبەسەرکردن و لەسێدارەدرانی بەرفراوانە و لەسەر باری بژێوی ژیان و دۆخی ئەمنیی خەڵکی کوردستان کاریگەرییەکی زۆری دەبێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئیدانەکردنی سەرکوت و کوشتنی رێکخراوانەی کۆڵبەران و بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوەندە مافی مرۆڤییەکان دەکات کە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ کاردانەوەیان هەبێت و بە مەبەستی ڕاگرتنی ئەو سیاسەتە چەوسێنەرانە گوشارەکانیان لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر بکەنەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە