کوژران و برینداربوونی ٢٦ کۆڵبەر لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤

١٠ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٢:٣٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤دا، لانی کەم ٢٦ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و یان بریندار کراون کە ٨٥٪ لە سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٥ کۆڵبەر کوژراون و ٢١ کۆڵبەریش بریندار کراون. ئەیووب محەممەدی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، کیان زەینی کۆڵبەری تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی سەردەشت، ڕێبوار ڕەشیدی خەڵکی بانە، ئیحسان نەورۆزی خەڵکی گیەڵان و نازم سەفەری خەڵکی سەوڵاوا ئەو پێنج کۆڵبەرەن کە لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانی کەم دوو منداڵی کۆڵبەر بە ناوەکانی محەممەد ئالی تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی سەردەشت و سینا نادری تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی پاوە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کراون.

زیاترین کۆڵبەرانی قوربانی بە ١٥ حاڵەتەوە لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان تۆمارکراون.
 

هۆکاری کوژران یان برینداربوون؛

تەقەی ڕاستەوخۆ: ٢٢ حاڵەت بریتی لە (٥ کوژراو و ١٧ بریندار) واتا ٨٥٪ کۆی حاڵەتەکان.

لێدان و کوتان: ٤ حاڵەت بریتی لە (٤ بریندار) واتا ١٥٪ کۆی حاڵەتەکان.
 

جیاکردنەوەی قوربانییان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای کرماشان: ١٥ حاڵەت بریتی لە (٢ کوژراو و ١٣ بریندار)

پارێزگای سنە: ٥ حاڵەت بریتی لە (٢ کوژراو و ٣ بریندار)

پارێزگای ئورمیە: ٦ حاڵەت بریتی لە (١ کوژراو و ٥ بریندار)


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە