لانی کەم ٥٠ هێرشی هاژەکی و درۆنیی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گاکانی حیزبه‌کانی کوردستان دوای ئاگربه‌ست
هه‌نگاو؛ چوارشه‌ممه ٢٧ی جۆزه‌ردانی ٢٧٢٦
سه‌رباری تێپه‌ڕبوونی ٧٠ ڕۆژ به‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی ڕێککەوتنی ئاگربه‌ست لە دوای شه‌ڕی ٤٠ ڕۆژه‌ی نێوان ئێران، ئه‌مریکا و ئیسرائیل، ده‌زگای سه‌رکوتی ده‌ره‌وه‌ی سنوور و تێرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران نه‌ک هه‌ر هێرشه‌کانی خۆی دژ به پێگه و که‌مپه‌کانی حیزبه‌کانی کوردستان ڕانه‌گرتووه، به‌ڵکوو به پشتبه‌ستن به هێزه چەکدارە داردەستەکانی لە عێراقدا، بازنه‌ی هێرشه سیستماتیکه هاژەکی و درۆنییه‌کانی خۆی بۆ سه‌ر ئۆردوگاکان، که‌مپه نیشتەجێبوونە مەدەنییەکان و باره‌گاکانی حیزبه‌کانی کوردستان له قووڵایی خاکی هه‌رێمی کوردستاندا درێژه پێداوه. به‌پێی به‌ڵگه‌نامه تۆمارکراوه‌کان، دوایین حاڵه‌ت له‌م هێرشانه ڕۆژی سێشه‌ممه ٢٦ی جۆزه‌ردان و دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌کانی پێوه‌ندیدار به ڕێککەوتنی نێوان ئه‌مریکا و ئێران، جارێکی دیکه باره‌گاکانی ئه‌م حیزبانه‌ی کرده ئامانج.
به‌پێی ئاماری تۆمارکراو و پشتڕاستکراوه له ناوه‌ندی ئامار و به‌ڵگه‌نامه‌کانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، له کاتی ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ستی فه‌رمی له ڕێکه‌وتی (١٩ی خاکه‌لێوه‌ی ٢٧٢٦)ه‌وه تا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٧ی جۆزه‌ردانی ٢٧٢٦، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپه چەکدارە لایەنگرەکانی، لانی که‌م ٥٠ جار که‌مپ و پەناگەکانی حیزبه‌کانی کوردستانیان له قووڵایی خاکی هه‌رێمی کوردستانی عێراقدا، کردووه‌ته ئامانجی هێرشی درۆنە خۆکوژەکان و مووشەکباران.
ڕۆژی ڕابردوو ٢٦ی جۆزه‌ردان بۆ پەنجاهەمین جار دوای ئاگربه‌ستی شه‌ڕی ٤٠ ڕۆژه و بۆ یەکەمین جار دوای ڕێککەوتنی نوێی نێوان ئه‌مریکا و ئێران، که‌مپی مه‌ده‌نیی "زۆی سپی"ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هه‌ڵکه‌وتوو له شاری کۆیه، که‌وته بەر هێرشی درۆنی.
زیانه مرۆییه‌کان و ناسنامه‌ی گیانبەختکردووان:
به‌پێی لێکۆڵینه‌وه یاساییه‌کانی هه‌نگاو، ئه‌م هێرشانه به شێوازێکی دیاریکراو ئۆردوگا قه‌ره‌باڵغه‌کان و شوێنی نیشتەجێبوونی بنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه‌کانی کردووه‌ته ئامانج. له ڕه‌وتی ئه‌م هێرشانه‌دا لانی که‌م ٣ ژنە پێشمه‌رگه و مێرمنداڵێکی ١٧ ساڵه گیانیان له‌ده‌ستداوه و لانی که‌م ٢٠ که‌سی دیکه‌ش به سەختی بریندار بوون.
ناسنامه‌ی گیانبەختکردووان به‌م شێوه‌یه پشتڕاست کراوەتەوە:
ـ غه‌زاڵ مه‌ولان، ژنە پێشمه‌رگه و ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان
ـ نه‌دا میری، ژنە پێشمه‌رگه و ئه‌ندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
ـ سه‌میرا ئەڵلایاری، ژنە پێشمه‌رگه و ئه‌ندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
ـ شاهین ئازه‌ربەرزین، مێرمنداڵی ١٧ ساڵه و کوڕی یەکێک لە بنه‌ماڵه پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (قوربانیی مه‌ده‌نی).
هه‌روه‌ها به‌پێی ئاماره کۆکراوه‌کان له‌لایه‌ن هه‌نگاوه‌وه، لانی که‌م ٢٠ پێشمه‌رگه‌ی دیکه له‌وانه ١٤ پێشمه‌رگه‌ی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) له‌م هێرشانه‌دا بریندار بوون. شایانی باسه که له ڕه‌وتی شه‌ڕی ٤٠ ڕۆژه‌ی پێش ئاگربه‌ستیشدا، ئه‌م باره‌گایانه ١٦٧ جار کرابوونه ئامانجی هێرش،کە ببووه هۆی گیانبەختکردنی ٥ پێشمه‌رگه به ناوه‌کانی جه‌لال ڕه‌شیدی، ئیسماعیل ڕه‌حیمی، ئومێد وه‌یسی، ئیقباڵ ساڵحی و فه‌خره‌دین مورادی و برینداربوونی ٣٠ که‌سی دیکه.
جیاکردنه‌وه‌ی ئاماریی هێرشه‌کان بۆ سه‌ر باره‌گا و که‌مپه‌کانی حیزبه‌کان
جیاکردنه‌وه‌ی ئه‌م ٥٠ هێرشه به‌م شێوه‌یه‌یه:
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا): ٢٣ حاڵه‌ت
کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان: ١١ حاڵه‌ت
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک): ٨ حاڵه‌ت
حیزبی کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زەحمتکێشانی کوردستانی ئێران: ٦ حاڵه‌ت
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە): ١ حاڵه‌ت
ڕێکخراوی خه‌باتی کوردستانی ئێران: ١ حاڵه‌ت
جگه له نیشانه‌گرتن و تێکدانی شوێنی نیشتەجێبوونی بنه‌ماڵه‌کان، کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپه لایەنگرەکانی لەعێراقدا، شوێن گه‌لێکی وەک قوتابخانەکان، ناوه‌نده ته‌ندروستییه‌کان و کتێبخانه‌کانیشیان به شێوازی ڕاسته‌وخۆ کردووه‌ته ئامانجی هێرشه مووشه‌کی و درۆنییه‌کانی خۆیان. بۆردوومانی سیستماتیکی قوتابخانه‌ی منداڵان، لەناوبردنی ناوه‌نده ته‌ندروستی و دەرمانییەکان که شوێنی چاره‌سه‌ریی برینداران و مه‌ده‌نییه‌کان بووه، و تێکدانی کتێبخانه‌کان، کردەوەی ڕوونی پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵه هاوپێچه‌کانی کۆنڤانسیۆنی ژنێڤه و به‌ڵگه‌یه‌کی ئاشکرایە له‌سه‌ر ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی له پێناو سه‌رکوتی ده‌ره‌وه‌ی سنووری خەباتکارانی سیاسی و لەناوبردنی ته‌واوی ئیمکاناتی مه‌ده‌نی، پەروەردەیی و مرۆیی پەنابەرانی کورد له هه‌رێمی کوردستاندا.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو جه‌خت ده‌کاته‌وه که به‌رده‌وامیی ئه‌م هێرشه قورسانه دوای ئاگربه‌ستی نێوان ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا و ئیسرائیل‌دا، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی ئێران که‌مبوونه‌وه‌ی گرژییه ناوچه‌ییه‌کان وەک ده‌رفه‌تێک بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی سیاسیی کوردەکان و پاکتاوکردنی فیزیکیی په‌نابه‌رانی سیاسی به‌کار ده‌هێنێت.