جوانڕۆ؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دوورخستنەوەی زەیتوون کەهزادی، بەڕێوەبەری قوتابخانە، بەهۆی خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی "ڕێی خەباتمان" لەلایەن کچە قوتابخانەوە

٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ١٤:١٩

هەنگاو؛ هەینی ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤

"زەیتوون کەهزادی"، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی فیردەوسی لە شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشان، بەهۆی خوێندنەوەی سروودی شۆڕشگێڕی "ڕێی خەبات" لەلایەن گرووپێک لە کچە قوتابییەکانی ئەو قوتابخانەیە، لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بانگ کراوە و لە پۆستەکەی دوورخرایەوە. کچە قوتابییەکان ئەم سروودەیان لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە خوێندبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، "زەیتوون کەهزادی"، بەڕێوەبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەی فیردەوسی لە شاری جوانڕۆ، پاش چەندین جار بانگران و لێپرسینەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە و مانگانە بڕێک لە مووچەکەی لەلایەن دامودەزگا پەیوەندیدارەکانەوە کەم دەکرێتەوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، "زەیتوون کەهزادی" لە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە دوورخراوەتەوە و ئێستا وەک مامۆستا لە هەمان قوتابخانەدا وانە دەڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەرپرسانی پەروەردە و فێرکردن هەموو مانگێک نزیکەی چوار ملیۆن تمەن لە مووچەکەی کەم دەکەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی، لە قۆناغەکانی یەکەمدا، بڕیاری دامودەزگا پەیوەندیدارەکان دوورخستنەوەی تەواوی "زەیتوون کەهزادی" بوو لە سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، بەڵام پاش پێداچوونەوە، ئەم بڕیارە گۆڕانکاری بەسەردا هات و لە کۆتاییدا بوو بە دوورخستنەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکە.

شایانی باسە کە ژمارەیەک لە کچە قوتابییەکانی قوتابخانەی سەرەتایی فیردەوسی لە جوانڕۆ، زستانی ڕابردوو لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە و بە هاوکاری یەکێک لە مامۆستاکانیان بە ناوی "مێهری خوسرەوی زادە"، سروودی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازانەی "ڕێی خەباتمان"یان پێکەوە خوێند.

سروودی "ڕێی خەبات" یەکێکە لە سروودە ئازادیخوازانەکانە  کە پەیامێکی خۆڕاگری، یەکێتی و هیوای داهاتوویەکی دادپەروەرانە دەگەیەنێت و هەمیشە وەک هێمایەک بۆ بەرخۆدان و ناسنامەی فەرهەنگی کۆمەڵگەی کوردی ئەژمار دەکرێت. جێبەجێکردنی ئەم سروودە لەلایەن دەزگا حکوومییەکانی ئێرانەوە بە کاردانەوەی ئەمنی و گوشار خستنە سەر مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان لەقەڵەم دراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە