ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هەشت بەندکراوی سیاسیی کورد
هەنگاو؛ سێشەممە ١٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
شەپۆلی نوێی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران، بووەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هەشت بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی پەخشان عەزیزی، پێژمان تووبەرەڕێزی، حاتەم ئۆزدەمیر، یووسف ئەحمەدی، ئارمان مەعریفەتی، موحەممەد فەرەجی، ڕەئووف شێخمەعرووفی و موحسین ئیسلامخوا. شایانی باسە لە نێوان ئەم کەسانەدا، موحسین ئیسلامخوا کاتێک لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کراوە، تەمەنی تەنیا ١٦ ساڵ بووە و بەپێی یاسای دادگاییکردنی کۆماری ئیسلامیش وەک "منداڵی تاوانبار"هەژمار دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەگەڵ زیادبوونی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی لەژێر کاریگەریی گرژییەکانی ئێستای ئێراندا، نیگەرانییەکان لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، پێژمان تووبەرەڕێزی، حاتەم ئۆزدەمیر، یووسف ئەحمەدی، ئارمان مەعریفەتی، موحەممەد فەرەجی، ڕەئووف شێخمەعرووفی و موحسین ئیسلامخوا، هەشت بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەکانی ئەوین، قزڵحیسار، ئورمیە، سنە و بۆکان ڕاگیراون، ڕووی لە زیادبوون کردووە.
ئەم بەندکراوانە لە ڕەوتێکی ناڕوون و دژ بە پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، کە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێی وەرگیراو لەژێر ئەشکەنجەدا و پاڵدانی تۆمەتی سیاسی و ئەمنی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەبێ خستنەڕووی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر بە سێدارە مەحکووم کراون؛ لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردن و بەندکرانیاندا لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەش بوون و بەهۆی بارودۆخی ئێستای ئێران، گیانیان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لەژێر مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدایە.
هاوکات لەگەڵ شەڕی نێوان ئێران_ئەمریکا و ئیسرائیل و تەنانەت لە کاتی ئاگربەستیشدا، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە خێراتر بووەتەوە و بەرپرسانی حکوومەتی لە هەڵوێستەکانیاندا، بە پاڵدانی تۆمەتی سیاسی و ئەمنی هەڕەشەی کوشتاری بەربڵاوتریان لە بەندکراوانی سیاسی و جیابیران کردووە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە تا ئێستا سزای سێدارەی لانی کەم ٤٦ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لەوانە ٨ بەندکراوی کورد بە ناوەکانی ناسر بەکرزادە، مێحراب عەبدوڵڵازادە، ڕامین زەلە، کەریم مەعرووفپوور، ئەرسەلان شێخی، ئامانج کاروانچی، ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە.
بەندکراوانی سیاسیی کورد کە لەژێر مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدان؛
پەخشان عەزیزی
بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی مەهاباد، چالاکی مافی ژنان و کۆمەڵناس ، لە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. داواکاریی پێداچوونەوەی دۆسیەی ئەم بەندکراوە سیاسییە دوو جار لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کراوەتەوە.
پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئەوینی تاراندا بەندکراوە.
ئەم کۆمەڵناسە کوردە، بەهۆی فشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان پێشتر لە ئێران چووبووە دەرەوە و لە پاڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر دۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان، لە پێناو باشترکردنی ئەم دۆخەدا، هەندێک چالاکیی لە چوارچێوەی کاری کۆمەڵایەتیدا ئەنجام دابوو.
پێژمان تووبەرەڕێزی
بەندکراوی سیاسیی کوردی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٥ بە تۆمەتی "ئەفساد فی ئەلئەرز" (بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی) لە ڕێگەی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد" سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و لە ئێستادا لە بەندیخانەی ئەوینی تاراندا ڕاگیراوە. ئەو لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لەژێر ئەشکەنجەگەلی وەک شۆکی کارەبایی و لێدانی سەخت و تاقەتپڕووکێن بووە و بۆ ماوەی چەندین حەوتوو بەبێ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی ڕاگیراوە.
یووسف ئەحمەدی
بەندکراوی سیاسیی کوردی تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی بانە، لە خەرمانانی ٢٧٢٣ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە زستانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵاوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژیی دەستبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی ماوەیەکی درێژخایەن لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گوازرایەوە.
وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە یووسف ئەحمەدی لە بارودۆخێکدا بووە کە چەند بڕبڕەیەکی پشتی بەهۆی ئەشکەنجەوە زیانیان پێگەیشتبوو و چەندین جار بەهۆی لێدان بە کێبڵی کارەبا بێهۆش ببوو. هەروەها هێزە حکوومەتییەکان بە هەڕەشەی زیانگەیاندن بە کەسە نزیکەکانی هەوڵیان دابوو ناچاری بکەن تۆمەتە پاڵخراوەکانی قبووڵ بکات. یووسف ئەحمەدی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بریندار بوو و پێشتریش قۆڵی شکا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هیچ جۆرە چارەسەرێکی پزیشکیی گونجاوی بۆ نەکراوە. ناوبراو پێشتریش بەهۆی نەخۆشیی فێ لەژێر چاودێریی پزیشکی دەمار و دەرووندا بووە، بەڵام لە ماوەی لێکۆڵینەوەکاندا لە دەستڕاگەیشتن بە دەرمان بێبەش کراوە.
حاتەم ئۆزدەمیر
بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، لە بانەمەڕی ٢٧٢٤ لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە" بە تۆمەتی "مۆحارەبە" بە سێدارە مەحکووم کرا و ئەم سزایە خەرمانانی هەمان ساڵ لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵاوە پشتڕاست کرایەوە. داواکاریی پێداچوونەوەی دۆسیەی ئەم بەندکراوە دوو جار لەلایەن دیوانی باڵاوە ڕەت کراوەتەوە.
حاتەم ئۆزدەمیر لە ١١ی پووشپەڕی ٢٧١٩ لەگەڵ گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچە سنوورییەکانی چاڵدێران کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداران و لە کاتێکدا بەهۆی بەرکوتنی گوللەی خومپارەی ئەم هێزانەوە بێهۆش و بریندار ببوو، دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی قەرارگای ڕەمەزانی سوپای ئورمیە گوازرایەوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای نزیکەی ٥٠ ڕۆژ لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجە لەم دەستبەسەرگەیەدا، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە. ئەو لە ماوەی بەندکرانیدا سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی بەردی گورچیلە و ئامۆژگاریی پزیشک بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری، لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش بووە.
ئارمان مەعریفەتی
هاووڵاتیی تەمەن ٣٨ ساڵی کورد، خەڵکی سەقز و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار لە تاران، لەگەڵ ئەشکان مالیکی و مێهرداد محەممەدینیا، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی "مۆحارەبە" لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبۆلقاسم سەڵەواتی بە سێدارە مەحکووم بوو. سزای سێدارەی هاودۆسیەکانی، لە ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
ئارمان لە ٣ی جۆزەردانی ئەمساڵدا، لە بەندیخانەی فەشافوویەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج ڕاگوێزراوە. چەند ڕۆژ پێش ڕاگواستنی، بە کەسە نزیکەکانی ئەم بەندکراوە گوترابوو کە دۆسیەکە نێردراوە بۆ دیوانی باڵا، بەڵام تا ئێستا چ زانیارییەک لەسەر دۆخی ئەو لەبەر دەستدا نییە.
ئارمان مەعریفەتی لە سەرەتادا وەک تۆمەتباری ڕیزی سێیەم، ڕووبەڕووی تۆمەتی «کۆبوونەوە و پێکهێنانی باند» ببووەوە، بەڵام لە ڕەوتی دادگاییکردندا، دادوەر سەڵەواتی تۆمەتەکەی گۆڕی بۆ «بەشداری لە کردەوەی ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئاسایشی وڵات، چوونە ناو شوێنە ئایینییەکان بە مەبەستی تێکدان و بەشداری لە ئاگرپێوەدانی مزگەوت و حەوزەی زانستی» و کردیە بنەمای دەرکردنی سزای سێدارە.
دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتی تێکدان و ئاگرپێوەدانی "مزگەوتی جەعفەری" و "حەوزەی زانستیی ئیمام هادی" لە گەڕەکی نەسیی (گیشا)ی تاران و تێکدانی موڵکی گشتی لە ئێوارەی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ خستە پاڵ ئەم سێ گەنجە کوردە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئارمان مەعریفەتی بە کەسە نزیکەکانی خۆی گوتووە: "من تەنیا تەنەکەیەکی خۆڵم هێنایە ناو شەقام، تەواوی ئەو کارەی کردم هەر ئەمە بوو." ئارمان مەعریفەتی لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی میوە و سەوزەی تاران خەریکی کرێکاری بوو؛ ئەو باوکی دوو منداڵی ساوایە.
ڕەئووف شێخمەعرووفی، موحەممەد فەرەجی و موحسین ئیسلامخوا
ڕەئووف شێخمەعرووفی تەمەن ٢٤ ساڵ، موحەممەد فەرەجی تەمەن ٢٩ و موحسین ئیسلامخوا تەمەن ١٩ ساڵ، سێ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان و بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە، کۆتاییەکانی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتگەلی وەک "مۆحارەبە" و "ئەفساد فی ئەلئەرز" بە سێدارە مەحکووم کران. دۆسیەی ئەم سێ بەندکراوە دوای ناڕەزایەتیدان ڕەوانەی دیوانی باڵا کراوە، بەڵام تا ئێستا زانیاری لەسەر دوایین دۆخی لەبەر دەستدا نییە.
ڕەئووف شێخمەعرووفی لە ٥ی بەفرانباری ٢٧٢٢ ٢ موحەممەد فەرەجی لە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣ و موحسین ئیسلامخوا لە ٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران. ئەم هاووڵاتییانە لە ماوەی لێکۆڵینەوەکاندا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ڕووبەڕووی توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ببوونەوە.
لە پێوەندی لەگەڵ دەستبەسەرکردنی موحەممەد فەرەجیدا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە، لە ڕۆڵی کڕیاری ئاساییدا پەیوەندییان بەم هاووڵاتییەوە کردبوو و وەک میکانیکی ئۆتۆمبێل داوایان لێکردبوو بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلێک لە شوێنی مەبەستی ئەوان ئامادە بێت، کە دوای ئەوە لەلایەن ئەم هێزانەوە ڕفێندرا.
هەروەها، موحسین ئیسلامخوا کە بەهۆی فشاری ناوەندە حکوومەتییەکان ئێران چوبووە دەرەوە و پەنابەری هەرێمی کوردستان ببوو، لە جۆزەردانی ٢٧٢٥ گەڕایەوە بۆ بۆکان و ماوەیەک دوای ئەوە خرایە ژێر دەستبەسەرکردنەوە. ئەم بەندکراوە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە پێوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە بۆکان تەنیا ١٦ ساڵ تەمەنی هەبووە و دۆسیەکەی نموونەی بەرچاوی "منداڵی تاوانبار"ە.