جوانڕۆ؛ زەخت خستنەسەر مێهری خوسرەویزادە، مامۆستای پەروەردەیی قوتابخانەی سەرەتایی فێردەوس سەبارەت بە پێشکەشکردنی سروودە کوردییەکان

٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٥، ٢٢:١٢

هەنگاو؛ سێشەممە، ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٥

لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکان بۆسەر مامۆستایان، دوای پێشکەشکردنی سروودە ئازادیخوازانەکانی "بە تەنیا جێم مەهێڵن" و "رێی خەبات" لە لایەن کچە قوتابیانی قوتابخانەی سەرەتایی فێردەوس لە شاری جوانڕۆ، مێهری خوسرەویزادە، مامۆستای بەشی پەروەردەو بەرپرسیار لە ڕێنماییکردن و هاوکاری قوتابیان بۆ پێشکەشکردنی ئەم سروودانە، لە مافی وەرگرتنی هەر چەشنە بەرزبونوەوەی پلە و بەرپرسیارەتییەکی ئیداری بێبەش کرا. هەروەها زەیتوون کۆهزادی، بەڕێوەبەری هەمان قوتابخانە، دوابەدوای خوێندنی هەمان سروود لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کرا و لە پۆستی بەڕێوەبردن دوورخرابۆوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مێهری خوسرەویزادە، مامۆستای بەشی پەروەردەو بەرپرسی یارییدەر و ڕێنوێنیکەری قوتابیان لە پێشکەشکردنی سروودی “بەتەنیا جێم مەهێڵن" و سروودی ئازادیخوازانەی “ڕێی خەبات” لە قوتابخانەی سەرەتایی فێردەوس لە شاری جوانڕۆ، دوای چەند قۆناغێک لە بانگهێشتکردن و لێپرسینەوە لە لایان ئیدارەی ئیتلاعات ،جگە لە مافی وانەگوتنەوە لە مافی هەرچەشنە بەرزکردنەوەیەکی بەرپرسیارێتیی ئیداری بێبەش کراوە.

مێهری خوسرەویزادە و زەیتون کۆهزادی دوابەدوای خوێندنی سروودەکان ، پاش بانگهێشت کردن و لێپرسینەوەیە لە لایان ئیدارەی ئیتلاعاتی جوانڕۆ، لەم دواییانەدا لەلایەن لقی یەکەمی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی شاری جەوانڕۆ بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام” تۆمەتبار کران.

مێهری خوسرەویزادە، مامۆستای بەشی پەروەردەو بەرپرسی یارییدەر و ڕێنوێنیکەری قوتابیان لە پێشکەشکردنی سروودەکان، لە ساڵانی ڕابردووشدا بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە، سروودی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی وێڕای قوتابیان پێشکەش کردووە؛ لەوانە، وتنەوەی سروودی «بێ تانیا جەم مەهێڵە» بە جلوبەرگی کوردی و پێشکەشکردنی سروودی شۆڕشگێڕانەی «ڕێی خەبات».

لە ڕاپۆرتی پێشووتری هەنگاو باس لەوە کرابوو کە “زەیتون کۆهزادی” بەڕێوبەری قوتابخانەی سەرەتایی کچانەیی فێردەوس بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی سروودی شۆڕشگێڕانەی “ڕەیی خبات_راە مبارزە” لە سۆشیال میدیا ، لە ئەرکی بەڕێوبەرایەتی قوتابخانەکە دوورخرایەوە و وەک مامۆستا لە هەمان قوتابخانە وانە دەڵێتەوە. هەروەها بەرپرسانی ئیدارەی فێرکاری و پەروەردە، چوار ملوێن تمەن لە پارەی مانگانەی ئەو مامۆستایە وەک سزای تەواوکەر، دەبڕن.

شایانی باسە لە سەرەتادا ، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بڕیاریان وابوو کە زەیتون کۆهزادی و مێهری خوسرەویزادە بە تەواوی لە سیستەمی فێرکاری و پەروەردەی پارێزگا دەربکرێن، بەڵام پاش پێداچوونەوە و هەندێک تێڕوانین، ئەم بڕیارە دەستکاری کرا و لە کۆتاییدا بەلابردنیان لە پلەی بەڕێوەبەریی قوتابخانەو ستاندنی مافی بەرزکردنەوەی پلە، سنووردارکرایەوە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پێشکەشکردنی سروودی کوردی و وانەوتنەوە بە زمانی کوردی هەمووکات کاردانەوەی توندی ئەمنی و گوشار خستنەسەر مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی لە لایان داموودەزگا حکومییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەی بەدووا بووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە