ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر مانگرتنی گشتی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە ۱۳۰ شاری ئێران

٨ جۆزەردان ٢٧٢٥، ٠٠:١٣

هەنگاو؛ چوارشەممە ۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۵

پاش بانگهێشتی دامەزراوە پیشەییە سەربەخۆکان، مانگرتنی گشتی شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان کە لە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی بانەمەڕی ۲۷۲۵ (۱۸ی مەی ۲۰۲۵)ەوە دەستی پێکردووە، ئێستا لە حەوتەمین ڕۆژیدایە و بەربڵاوییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە دیتووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە نێوخۆییەکان، سەرچاوە خۆجێییەکان و زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، لەسەر قەبارەی ئەو مانگرتنە گشتییە کە لە ڕۆژی حەوتەمی خۆیدا بە لانی کەم ۱۳۰ شاری ئێران گێشتووە و یەک لە گەورەترین کاردانەوە پیشەیی و ناڕەزایەتییەکان لە دەیەی ڕابردوو لە بەشی گواستنەوەدا بە هەژمار دێت، لە پەیوەندی لەگەڵ بارودۆخی مافە پیشەییەکان، ڕەوتی چەوساندنەوە و وەڵامدانەوەی ناوەندە حکومەتییەکان، لێکۆڵینەوەی کردووە.

دەستپێک و بەرفراوانبوونی مانگرتنەکان

مانگرتن سەرەتا لە شاری بەندەرعەباسەوە دەستی پێکرد و لە ماوەی چەند ڕۆژدا بە ناوچەکانی ناوەند، باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی ئێران گەیشت. لە شارەکانی تاران، ئیسفەهان، سنە، کرماشان، شیراز، مەشهەد، تەورێز، ئەهواز و زاهیدان، بارهەڵگرەکان لە دواوێستگەکاندا ڕاوەستاون و هەندێک وێنە لە ڕیزی درێژی ئۆتۆمبێلە بێکارە ڕاگیراوەکان لە پەراوێزی شەقامەکان و بەنێری ناڕەزایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە هاوئاهەنگی ناڕەزایەتییەکاندا گێڕاوە و ڕاپۆرتە ڤیدیۆییەکان بەشداریی هاوکاتی شۆفێران و یەکێتی ئەو بزووتنەوە ناڕەزاییە نیشان دەدەن.
 

داواکاری و هۆکارەکانی مانگرتن

لێکۆڵینەوە یاسایی و پیشەییەکانی مانگرتنەکان دەیسەلمێنن کە شۆفێرە ناڕازییەکان لەگەڵ چەندین قەیرانی ڕێکخراوانەدا ڕووبەڕوو بوونەتەوە کە حکومەت نە تەنیا چارەسەریان ناکات، بەڵکوو لە هەندێک حاڵەتدا بە کەڵکوەرگرتن لە سیاسەتی نادادپەروەرانە بارودۆخی نالەبارتر کردووە. گرینگترین داواکانی بارهەڵگران بریتین لە:

هەڵکشانی سێ قات و ناڕوونی نرخی گازۆڵ و هاتنەخوارەوەی سووتەمەنی یارانەیی لە ۳۰۰۰ لیتر بۆ ۵۰۰ لیتر بەبێ ڕاگەیاندنی پێشوەخت

زیاتربوونی نرخی کەرەستە و خزمەتگوزاریی فەننی بریتی لە لاستیک و چاکسازی

ناتەبایی نێوان کرێی هەڵگرتن و حەقی کاری شۆفێرەکان

باجی قورس، پێبژاردنی پارە وەکوو سەپاندنی سزایەکی ناتەبا و گەندەڵی لە خاڵە پشکنینەکان

نەبوونی ناوەندی پیشەیی سەربەخۆ، کاریگەر و نادەوڵەتی بەمەبەستی نوێنەری لە مافی شۆفێران

سەرکوت و هەڕەشەی چالاکوانانی پیشەیی و نکۆڵیکردن لە داوا ڕەواکانیان لە لایەن حکومەتەوە.

 

قەبارەی جوگرافی و بەشداری بەربڵاو

ئەو مانگرتنە گشتییە لە زیاتر لە ۱۳۰ شاری ئێران، لە بەندەرە باشوورییەکان تا شارەکانی باکوور و لە پارێزگاکانی ناوەند تا ناوچە ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتییەکان، بەشێوەی هاوکات جێبەجێ کراوە. پارێزگاکانی فارس، ئیسفەهان، ئازەربایجانی رۆژهەڵات، ئورمیە، خوراسانی ڕەزەوی، سیستان و بەلووچستان، تاران، سنە، کرماشان، ئیلام و لوڕستان لەو ناوچانە بوون کە بەڵگەی زۆریان لە بەشداریی بەرچاوی شۆفێران لە ڕەوتی ئەو ناڕەزایەتییەدا لێ تۆمار کراوە.

لە ناوچە سنوورییەکان، کەمبوونەوەی بەرچاتوی هاتووچۆی بارهەڵگران و تانکێرەکانی سووتەمەنی بووەتە هۆی داخستنی نیوەیی ڕێگا سنوورییە گرینگەکان وەکوو باشماخ (مەریوان)، پەرویزخان (قەسری شیرین) و تەمرچین (پیرانشار) کە لێکەوتەی زیاتر لە بابەتی پیشەیی و کاریگەری ناوچەیی دەبێت.

 

کاردانەوەی ئەمنی و چەوساندنەوە

هاوکات لەگەڵ بەرفراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان، شێوەی هەڵسوکەوتی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نە تەنیا بەپێی بەرپرسیارێتی و وتووێژ نەبووە، بەڵکوو چەوساندنەوەی ڕێکخراوانە، ترساندن و هەڵسوکەوتی ئەمنی زیاتر بووەتەوە.

لە سنە، هێزە ئەمنییەکان بە کەڵکوەرگرتن لە گازی فرمێسکڕێژ و ئیسپرەی بیبار، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان تێکداوە و چەند شۆفێریان دەستبەسەر کردووە.

لە دێولان، لانی کەم دوو شۆفێری ناڕازی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

لە شاباد، شەهاب دارابی بەهۆی پاڵپشتی لە مانگرتنەکان، بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراوە

لە سنە سدیق محەممەدی، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە

هەندێک ڕاپۆرت لە بانگکرانی تەلەفۆنی، هەڕەشە و دەستبەسەرکرانی شۆفێران لە سیرجان و کرماشان بڵاو کراوەتەوە.

سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوەیەکدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی چەند کەسی بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی ڕێگاوبانەکان» بڵاو کردووەتەوە.

 

هەڵوێستی دامەزراوەکان و کاردانەوەی کۆمەڵایەتی

یەکەی دامەزراوەی بارهەڵگران و شۆفێرانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوەیەکی فەرمیدا، وێڕای پاڵپشتی لە مانگرتنەکان و پێداگری لەسەر بەردەوامییان تا کاتی بەدەستهێنانی داواکارییەکانیان، ڕایگەیاند کە:

«دەوڵەت بەجێی بەرپرسیارێتی بە داوا ڕەواکان، ڕێگای سەرکوت و ترساندنی لەپێش گرتووە؛ ئێمە داوای ئازادبوونی دەستبەجێی هاوکارانی دەستبەسەرکراومان دەکەین.»

سەرەڕای ئەوەش، پیشەکانی دیکە وەکوو نانەواخانەکان، مامۆستایان، خانەنشینانی پیشەی پۆڵا و کانگا، کرێکارانی دۆخانیاتی گیلان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ڕاگەیاندنی یەکگرتوویی و بەڕێوەچوونی کۆبوونە، پاڵپشتییان لە مانگرتنی بارهەڵگران کردووە. ئەو یەکگرتووییە کۆمەڵایەتییە هێمای ناڕەزایی گشتی لە سیاسەتە ئابوورییەکان، هەڵاواردنی ڕێکخراوانە و نەبوونی ڕێگای یاسایی بۆ دەربڕینی ناڕەزاییەتی ئاشتیخوازایە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای پێداگری لەسەر مافە بنەڕەتییەکانی ئازادیی کۆبوونەوە، ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانە و داواکاری پیشەیی، هەرچەشنە هەڵسوکەوتێک بەشێوەی زۆرەملێ بەرانبەر بە ناڕازییان بە پێشێلکردنی پەیمانە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێناو پەیمانە مافی مرۆڤییەکان دەزانێت.

هەنگاو بە ئیدانەکردنی هەڕەشە، دەستبەسەرکران و توندوتیژیی دژ بە شۆفێرانی ناڕازی، لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکات کە گرنگی بەو مانگرتنانە بدرێت و کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە بەرپرسیارێتی خۆی لە پێناو مافە پیشەیی و مرۆڤییەکانی هاووڵاتییان وەڵامدەر بێتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە