ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕییان لە شارەکانی کوردستان، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی

٢٥ خەرمانان ٢٧٢٦، ١٧:٠٤

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۵ی خەرمانانی ۲۷۲۶

ڕۆژی چوارشەممە ۲۵ی خەرمانانی ۲۷۲۶، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی لە لایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئەنجامی بانگەوازی «هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران» بۆ مانگرتنی گشتی، کاسبکاران و بازاڕییان لە ژمارەیەک لە شارەکانی کوردستان مانیان گرتووە.

بەپێی ڤیدیۆ، ڕاپۆرتی گەیشتوو و پشتڕاستکراوەی لە ئەنجامی بەدواداچوونی سەرچاوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەڕێوەچوونی مانگرتن لە لانی کەم ۱۱ شار پشتڕاست دەکرێتەوە و وردەکارییەکانی لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا دێت؛

سەقز، زێدی ژینا ئەمینی: سەرەڕای کەشی ئەمنی، مانگرتن بەشێوەی بەربڵاو و بەتەواوی بەڕێوە چووە، بەشێوەیەک کە تەنیا نانەوا و دەرمانخانەکان لە ئاستی شاردا کراوە بوون.

سنە، دیواندەرە، مەهاباد، بۆکان و شنۆ: مانگرتن بەشێوەی بەرفراوان بەڕیوە چووە و هەنگاو ئاستی بەشداریی خەڵک لە مانگرتن لە نێوان ۵۰٪ بۆ ۷۰٪ لێکدەداتەوە.

هەروەها لە شارەکانی قوروە، بیجاڕ، مەریوان، کامێران و پیرانشار: بەشێک لە بازاڕییان و کاسبکاران مانیان گرتووە و ڕێژەی بەشداری لەنێوان ۳۰٪ بۆ ۴۰٪ بووە.

ئەو مانگرتنانە لەحاڵێکدا بەڕێوە چوون کە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ناوەندە ئەمنییەکان بە بانگکردنی بەرفراوانی چالاکانی مەدەنی و بازاڕییان، سەبارەت بە بەشداری لە مانگرتن هۆشدارییان بە خەڵک دابوو. سەبارەت بە هەمان بابەت، لانی کەم ۱۰ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە پەیوەندی لەگەڵ مانگرتن لە شارەکانی شنۆ، مەهاباد و سنە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لە دوێنێوە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت بە چەکی نیوەقورس لە ناوەندی چەند شار وەکوو سەقز، دیواندەرە، سنە و مەریوان جێگیر بوون و کەشی سەربازی بەسەر شاردا زاڵ بووە.

ترساندن، بانگکردنی زۆرەملێ، میلیتاریزەکرانی شارەکان و دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان بە مەبەستی ڕێگری لە مافی ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتنی ئاشتیخوازانەی خەڵک، سەرکوتی ئازادییە بنەڕەتییەکان و ماددەی ۲۱ (مافی کۆبوونەوە و مانگرتنی ئاشتیخوازانە) لە پەیمانی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە