سێهەمین ساڵیادی کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی؛ سەقز لەژێر سێبەری میلیتاریزەبوون و بێبەشی بنەماڵەکەی لە مافی بەڕێوبەردنی بۆنەی تایبەت

٢٦ خەرمانان ٢٧٢٥، ١٣:٠٥

سێ ساڵ لە کوژرانی حکومەتیی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت و تا ئێستا بنەماڵەکەی لە سەرەتایی ترین مافەکانی هەر مرۆڤێک، واتا بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پرسە و یادکردنەوە لەسەر گڵکۆی کچەکەیان بێبەشن. لەحاڵێکدا کە جیهان یادی ژینای بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» زیندوو ڕاگرتووە، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڕەشە، بانگکردن و بەکارھێنانی گوشاری بەرفراوان تەنانەت ئیزنی ئامادەبوونی بنەماڵەکەی و خەڵکی سەقز لەسەر گڵکۆی ژینا لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز نادەن.

ژینا ئەمینی، کچی گەنجی تەمەن ۲۲ ساڵی خەڵکی شاری سەقز، مانگی خەرمانانی ۲۷۲۲ لە لایەن گەشتی ئێرشاد لە تاران دەستبەسەر کرا و لە ڕەوتی دەستبەسەربوونیدا لەژێر گوشار و توندوتیژی داندرا و سێ ڕۆژ دواتر لە نەخۆشخانەی کەسرای ئەو شارە گیانی خۆی لەدەست دا.

مەرگی توندوتیژانەی ژینا شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی بەربڵاوی لە سەقز و شارەکانی دیکەی کوردستان بەدواوە بوو کە بەخێرایی تەواوی ئێران و جیهانی گرتەوە و بوو بە خاڵی دەستپێکی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی». بەڵام بنەماڵەکەی لە هەمان سەرەتای کوژرانی ژیناوە لەگەڵ گووشاری ئەمنی ڕووبەڕوو کرانەوە و لە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی رێورەسمی بەخاکسپاردن تا بەربەستی هاتووچۆ، ئەو بنەماڵە هیچکات نەیانتوانی بە ئازادییەوە ماتەمگێڕی منداڵەکەیان بن.

بە پێی بەڵگە تۆمارکراوەکان لە بەشی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی هەنگاو، هەموو ساڵێک لە بەرەبەرەی ساڵیادی کوژرانی ژینا، شاری سەقز بە تەواوەتی میلیتاریزە دەکرێت. هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی سوپای پاسداران و ئەرتەش لە نێو شار و شەقامەکانی دەوروبەری گۆڕستانی ئایچیدا جێگیر دەبن. شەقامەکان بە دانانی خاڵی پشکنین کۆنترۆڵ دەکرێن و ئەو شەقامە سەرەکییانەی بە گۆڕستانی ئایچی دەگەن بەتەواوەتی دەبەسترێن، بەشێوەیەک کە هاتووچۆی گشتی و ڕۆژانەی خەڵک لەو شارەدا بەتەواوی تێکدەچێت و هاووڵاتییان ناچارن لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە. سەرەڕای ئەوانەش هەموو ساڵێک لەو شارە و لەو کاتە دیاریکراوەدا ژمارەی دەستبەسەرکرانە نایاساییەکان بەرز دەبێتەوە.

یەک لە کارەکانی حکومەت کە بەردەوام دووپات دەبێتەوە، کردنەوەی ئاوبەستی بەنداوی چرا وەیس بۆ ڕێگای ڕووباری سەقزە (چەمی سەقز)، ڕێگایەک کە زۆر یەک لە هاووڵاتییان لە ڕۆژی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی بۆ گەیشتن بە گۆڕستانی ئایچی کەڵکیان لێ وەرگرتبوو. بە داخستنی ڕێگە سەرەکییەکان و کردنەوەی ئاو لەو ڕێگایە، ئەگەری دەستڕاگەیشتنی ئازادی خەڵک بە گڵکۆی ژینا لەنێو دەچێت.

لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، بارودۆخ بەشێوەیەک ئاڵۆز و شێواو بوو کە بۆ ماوەی دوو ڕۆژی تەواو، هیچ هاووڵاتییەک ئەگەری هاتووچۆکردن بۆ شاری سەقزی نەبوو. لە هەمان ڕۆژدا فەردین جەعفەری بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بەسەختی بریندار کرا و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی بۆ سنە گواسترایەوە، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە لە ئەنجامی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان سەبارەت بە بارودۆخی منداڵەکەیان ناچار بە بێدەنگی کران.

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بانگ کراوەتە ئیدارەی ئیتلاعات و لەژێر گوشاری ئەمنی داندراوە و هەڕەشەی لێ کراوە کە لە ئەگەری بەڕێوەبردنی ڕێورەسم لەسەر گڵکۆی ژینا بە توندی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت. نە تەنیا دایک و باوک و برای ژینا بەڵکوو خزم کەسوکارانیشی لەژێر ئەو گوشارانەدا بوون.

لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، سەفا عائێلی، خاڵی ژینا لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی سەقزی دەستبەسەر کرا و چەند مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە لێپرسینەوەی لێ کرا.

گۆڕستانی ئایچی لە سەقز بووە بە هێمایەک بۆ یادی ژینا و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

ئامادەبوونی بنەماڵەکان، ژنان و لاوان لەسەر گڵکۆی ژینا نە تەنیا بەنیشانەی ماتەمگێڕی بەڵکوو شێوەیەک لە بەرخۆدانی مەدەنی و هێمایەک لە دادپەروەرییە. هەر بەو هۆیەوە، ناوەندە ئەمنییەکان لە هەر چەشنە کۆبوونەوەیەک لەو شوێنە ڕێگری دەکەن و ئەو کەسانەی لەو شوێنە ئامادە دەبن لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت و تۆمەت دەدرێتە پاڵیان.

ئەو گڵکۆیە بووە بە شوێنی چاوپێکەوتنی بنەماڵەی دادخوازانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی. بە مەبەستی بەربەست سازکردن بۆ دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییان بە گڵکۆی ژینا بە ئامانجەوە دەست لە نەخشەی ئەو گۆڕستانە وەردراوە، بەشێوەیەک کە تەنانەت نەخشەی سەرەکیی هاتووچۆی گۆڕستانەکە گۆڕدراوە. ئەو گۆڕانگارییانە لە لایەن هێزەکانی شارەوانی و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی فەرمانداری ئەو کاتی سەقز (جەعفەر تەوان) و ئیدارەی ئیتلاعات لەو شارە ئەنجام دراوە.

کۆماری ئیسلامی بە بێبەشکردنی بنەماڵەکان لە مافی سروشتیی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی و ساڵیاد، هەوڵ دەدات یاد و ناوی ژینا و گیانبەختکردووانی دیکە لە بیرەوەریی خەڵک بسڕێتەوە. بەتایبەتی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی شەهیدان و گیانبەختکردووان لە کوردستان بەردەوام وەکوو شێوەیەک لە خەبات دژ بە سیاسەتی سڕینەوە و لەبیربردنەوەی کۆماری ئیسلامی بەکار هاتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوازی جیاوازەوە هەوڵ دەدات ئەو یادکردنەوە لەنێو ببات، بەربەستی بۆ ساز بکات و لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەک لەو ڕێگاوە ڕێگری بکات.

سەرکوتی بەردەوامی بنەماڵەی ئەمینی و شاری سەقز و ڕێگری لە بەڕێوەچوونی رێورەسمی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی، پێشێلکردنی ئاشکرای مافە سەرەکییەکانی بنەماڵە و نیشانەی سیاسەتی چەوساندنەوەی ڕێکخراوانەی ئەو حکومەتەیە.

سەرەڕای ئەو گوشارانە، بنەماڵەی ئەمینی بەردەوام هەوڵیان داوە یادی ژینا زیندوو بهێڵنەوە و ڕاستیی مەرگی ژینا ئاشکرا بکەن. ئەوان تا ئێستا نەیانتوانیوە هیچ ڕێوڕەسمێک بە ئازادییەوە بەڕێوە ببەن، بەڵام بێدەنگ نەبوونیان لە پەیوەندی لەگەڵ کوژرانی ژینا و گێڕانەوەکانیان لە بەرخۆدان بەرانبەر بە هەڕەشە و گوشارەکان بەشێک لە مێژووی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادییە.

ژینا بووە بە ڕەمز...

کوژرانی ژینا ئەمینی، نموونەیەک لە ژنکوژی و کوژرانی حکومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا دژەمرۆڤانەکەی بریتی لە یاسای حیجاب بوو. کوشتنی ژینا ئەمینی بەڵام بەپێچەوانەی زۆر یەک لەو چەشنە کوشتنانە بەدەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەستبەسەرگە و بەندیخانەکان، شەپۆلێک لە ڕق و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی لە ئێران بەدواوە بوو کە زۆر یەک لە کۆمەڵگەکانی نێو ئێران، بێجگە لە کوردەکان خۆیان لە کوژرانی ژینادا دەدیتەوە. ژینا ژنێکی گەنجی تەمەن ۲۲ ساڵی خەڵکی شاری سەقز بوو کە لە لایەن دەزگای پۆلیسی و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی کوژرا و لە کاتی کوژرانی، بێجگە لە کوردەکان، ژنان، لاوانی جیلی دەیەی حەفتا و حەشتای هەتاوی، ڕووناکبیران و هەموو ئەو کەسانەی ئەزموونی سەرکوتی پۆلیسی و ئەمنییان لە ئێران هەبوو و بەتایبەت کەمینەکان خۆیان لەو بزووتنەوەدا دیتەوە. بەو شێوە بوو کە ئێران بۆ یەکەمین جار لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا دوای کوشتنی ژینا و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە گۆرستانی ئایچی، ناڕەزایەتییەکی گشتیی بەخۆیەوە دیت کە جیاوازیی نەتەوەیی و پێکهاتەکان، جیاوازایی ڕەگەزی و سێکسی و هەروەها سیاسیی ئێرانی تێدا بەدی دەکرا.

هەنگاو وێڕای بەرزڕاگرتنی ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی پاڵپشتیی خۆی لە بنەماڵەی ژینا کە لە هەمان ڕۆژی یەکەمەوە تا ئێستا لەژێر گوشاری ئەمنیدان ڕادەگەیەنێت.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە