ڕاپۆرتی هەنگاو لە شەشەمین ڕۆژی شەڕدا؛ کوژرانی لانی کەم دوو هەزار و ٤٠٠ کەس لەوانە ٣١٠ هاووڵاتیی سڤیل

١٣ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٧:٢١

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

هاوکات لەگەڵ شەشەمین ڕۆژی شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەدواداچوون و بەڵگەنامەکردنە مەیدانییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بەردەوامە و بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن هەنگاوەوە پشتڕاست کراونەتەوە، تا ئێستا لانی کەم ٢٤٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٣٪ی ئەوانە ٣١٠ هاووڵاتیی سڤیل و دوو هەزار و ٩٠ کەسیش لە هێزە سەربازییەکانی ئێرانن.

جیاکردنەوەی قوربانییان و پانتایی جوگرافیی هێرشەکان

بە پشتبەستن بە ئاماری ناوەندی بەڵگەنامە و ئاماری هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ تا ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی ڕەشەممە، تا ئێستا ناوەندە سەربازی و حکومەتییەکان لە ١٦٣ شاری ٢٤ پارێزگای ئێران کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکان. ئەم ئامانجانە بریتین لە بنکەکانی سوپای پاسداران، ناوەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سایتە موشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەکان، ستادە خەبەرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، پادگانەکانی ئەرتەش و بارەگاکانی یەکەی تایبەت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زۆرترین قوربانییانی هێزە سەربازییەکان لەم پارێزگایانەی خوارەوە تۆمار کراون:

ـ پارێزگای تاران

ـ پارێزگای کرماشان

ـ پارێزگای کوردستان (سنە)

ـ پارێزگای ئورمیە

ـ پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات

ـ پارێزگای سیستان و بەلووچستان

ـ پارێزگای ئێسفەهان

ـ پارێزگای ئەلبورز

ـ پارێزگای ئیلام

 

کردنە ئامانجی هاووڵاتییانی سڤیل

هەنگاو بە دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ لە کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل، پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ئاماری گیانلەدەستدانی مەدەنی پەیوەندی بە پارێزگای هورمۆزگانەوە هەیە. بەپێی بەڵگەنامە بەردەستەکان، بەشێکی زۆری کوژراوەکان، کچە خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی بوون لە قوتابخانەی "شەجەرەی تەیبە". جگە لە هورمۆزگان، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل لەوانە چەندین منداڵ و ژن لە پارێزگاکانی تاران، کوردستان، کرماشان، خوراسانی ڕەزەوی، قەزوین، ئەلبورز، ئورمیە و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتیش تۆمار کراوە. بەپێی داتاکانی هەنگاو هەتا ئێستا ٣١٠ هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون کە دەکاتە ١٣٪ی کۆی ئەو کەسانەی کە کوژراون. 

ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای بارودۆخی شەڕ، تا ئێستا هەنگاوی بۆ چۆڵکردنی ناوچە نیشتەجێبووەکانی نزیک لە دامەزراوە و پادگانە سەربازی و ئەمنییەکان نەناوە و خەڵک بە شێوەیەکی خۆبەخۆ و ناڕێکخراو لە هەوڵی ڕزگارکردنی گیانی خۆیان و چۆڵکردن و گواستنەوە بۆ شوێنە تا ڕادەیەک ئارامەکاندان.

هەروەها هەنگاو چەندین ڕاپۆرتی پێگەیشتووە کە هێزە سەربازییەکانی ئێران شوێنە سەربازییەکانیان چۆڵ کردووە و لە قوتابخانە، خەوگەی قوتابخانەکان و مزگەوتەکاندا کە لە ناو ناوچە نیشتەجێبووە مەدەنییەکان دان جێگیر بوون، ئەمەش دەتوانێت ئاماری قوربانییانی هاووڵاتییانی سڤیل بەرز بکاتەوە.

لە ڕۆژانی سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان و زیندانیان لە دۆخی زیندانییەکانیان بێئاگان و بارودۆخی زیندانەکان لە هەندێک شوێن بە مەترسیدار وەسف دەکرێت. بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو، دەرگای ژمارەیەک لە بەندەکانی زیندانی قزڵحەسار لەلایەن زیندانبانەکانەوە قفڵ کراوە و ئەگەری ئەوەی لە کاتە کتوپڕەکان و کاتی هێرشە ئاسمانییەکاندا بتوانن گیانی خۆیان ڕزگار بکەن، لێ سەندراوەتەوە.

هەروەها تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیان، لەوانە زیندانیانی سیاسی، لەسەر بنەمای هەر ئەو پەسەندکراوە لە شارەکانی مەریوان، نەغەدە، سەڵماس، ورمێ، سنە، مهاباد و ئیلام بە بارمتە ئازاد کراون.

 

قوربانییانی بەرفراوانی هێزە حکومەتییەکان لە کوردستان و شاردنەوەی ئامارەکان

لە شەش ڕۆژی ڕابردوودا و بەتایبەت ڕۆژانی دووشەممە، سێشەممە و چوارشەممە، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر شوێنە سەربازی و حکومەتییەکان بە توندییەکی زیاتر ئەنجام دراوە و لە ٣٠ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئومیە، لانی کەم ١٠٩ بنکەی سەربازی و ناوەندی ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراونەتە ئامانج.

بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشان دەدەن کە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا زۆرترین ئاماری کوژرانی سەربازیی حکومەتی لەم چوار پارێزگایەدا تۆمار کراوە کە ٤٠٠ کەسە.

هەروەها نزیکەی ٤٠ هاووڵاتیی سڤیل لە کاتی ئەم هێرشانەدا کوژراون کە زۆرترینیان لە شارەکانی ورمێ، سنە و کرماشان تۆمار کراون.

هەنگاو لە ڕاپۆرتی پێشووی خۆیدا ڕایگەیاندبوو کە ناوەندە ئەمنییەکان لە ڕاگەیاندنی ئاماری وردی قوربانییە سەربازییەکان، بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان، خۆ دەپارێزن و لە هەندێک حاڵەتی سنوورداریشدا ئامارێکی زۆر کەمتر لە ڕاستی بڵاو دەکەنەوە. هەنگاو جەخت لەسەر پێویستیی ڕاسبێژی لە ڕاگەیاندنی ناسنامەی قوربانییان و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل لە پێکدادانە چەکدارییەکاندا بەپێی کۆنفرانسی نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژی سێیەمی دەستپێکردنی شەڕەوە، ئینتەرنێت لە سەرانسەری ئێراندا لەگەڵ تێکچوونی توند و پچڕان بەرەوڕوویە و ڕێگەکانی پەیوەندیی بۆ دەستڕاگەیشتن بە جیهانی ئازادی زانیارییەکان بۆ هاووڵاتییانی ناوخۆ داخراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جارێکی دیکە داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات بە چاودێرییەکی تایبەت لەسەر کوژرانی هاووڵاتییانی سڤیل، بەتایبەت بە سەرنجدان بە سیاسەتەکانی شاردنەوەی کۆماری ئیسلامی، لایەنە شەڕکەرەکان بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە ناچار بکەن بە پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە