چوارەمین ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر شەڕ؛ کوژرانی ٤٩٠٠ کەس لەوانە ٤٨٠ هاووڵاتیی سڤیل لە ١٤ ڕۆژی یەکەمدا

٢٣ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٣:٤٧

هەنگاو؛ شەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ 

هاوکات دەستپێکردنی پانزدەیەمین ڕۆژی شەڕ و پێکدادانی چەکداری لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی سڤیل، نوێترین ڕاپۆرتی خۆی بڵاو دەکاتەوە. بەپێی ئامارە پشتڕاستکراوەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، تا کۆتاییی ڕۆژی چواردەهەمی شەڕ، لانی کەم ٤٩٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ٩.٨٪ی ئەو کوژراواوانە  واتە ٤٨٠ کەس هاووڵاتیی سڤیل و ٤٤٢٠ کەسیان هێزە سەربازییەکانی ئێران بوون.
 

جیاکردنەوەی قوربانییان و پانتاییی جوگرافیی هێرشەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکان

بەپشت بەستن بە بەڵگەنامە مەیدانییەکانی هەنگاو، لە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەممە ٢٧٢٥ هەتا ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕەشەممە، لانی کەم لە ١٧٧ شاری ٢٥ پارێزگای ئێران، ناوەندە سەربازی و حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامی کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا. ئەم ئامانجانە بریتی بوون لە: بنکەکانی سوپای پاسداران، مەڵبەندەکانی بەسیج، فڕۆکەخانە سەربازییەکان، سەکۆ موشەکییەکان، بنکەکانی پۆلیس، دامەزراوە دادوەرییەکان، ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات، سەربازگەکانی ئەرتەش و بارەگاکانی یەکەی تایبەت (یگان ویژه).

بەپێی زانیارییە کۆکراوەکانی هەنگاو، تا ئێستا کوژرانی ٤٤٢٠ کەس لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی حکومەت پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆربەیان سەر بە هێزی ئاسمانی، سوپای پاسداران و ئەرتەش بوون. زۆرترین زیانی هێزە سەربازییەکان لە پارێزگاکانی تاران، کرماشان، هورمزگان، کوردستان و سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە. هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە پەیڕوکردنی سیاسەتی «شاردنەوەی سیستماتیک»، لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوەکان خۆدەبوێرن.

 

کوژرانی لانی کەم ٤٨٠ هاووڵاتیی سڤیل لە ١٤ ڕۆژی یەکەمدا

هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرترین ڕێژەی قوربانیانی مەدەنی لە پارێزگای هورمزگان بووە. بەپێی بەڵگەکان، بەشێکی زۆری کوژراوەکان قوتابیانی کچی قۆناغی سەرەتاییی قوتابخانەی «شەجەرەی تەیبە» بوون. جیا لە هورمزگان، گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی سڤیل لەوانە دەیان ژن و منداڵ لە پارێزگاکانی تاران، کوردستان، کرماشان، فارس، خۆراسانی ڕەزەوی، قەزوین، ئەلبۆرز، ئیلام، مەرکەزی، لوڕستان، ئورمیە و تەورێز تۆمار کراوە.

هەروەها هەنگاو چەندین ڕاپۆرتی پێگەیشتووە کە نیشان دەدەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، دوای چۆڵکردنی بنکە فەرمییەکان، لە ناوەندە گشتی و سڤیلەکان وەک قوتابخانەکان، بەشەناوخۆییەکان و مزگەوتەکان کە لە ناو جەرگەی گەڕەکە نیشتەجێبووەکاندان جێگیر بوون. ئەم هەنگاوە بەپێی کۆنفرانسی ژنێف، وەک بەکارهێنانی «قەڵغانی مرۆیی» (Human Shield) ئەژمار دەکرێت و گیانی سڤیلەکانی خستووەتە مەترسییەکی جیدییەوە.

 

زیانە قورسەکانی هێزە حکوومییەکان لە کوردستان و شاردنەوەی ئامارەکان

لە ١٤ ڕۆژی یەکەمی شەڕدا، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکان لە کوردستان بە چڕییەکی زۆرەوە بەردەوام بووە. لە ٣٥ شاری پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، کوردستان (سنە) و ئورمیە، لانی کەم ٢٠٠ بنکەی سەربازی و ناوەندی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی کراونەتە ئامانج.

بەدواداچوونەکانی هەنگاو نیشانی دەدەن کە لەم چوار پارێزگایەدا لانی کەم ١٣٠٠ کەس لە هێزە سەربازی و حکوومییەکان کوژراون. هەروەها لانی کەم ٨٠ هاووڵاتیی سڤیل لەم ناوچانەدا گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان لە شارەکانی ئورمیە، سنە، دیواندەرە، ئەیوان غەرب، ئیلام، نەغەدە، بۆکان و کرماشان بوون.

 

داواکاریی هەنگاو

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە جەختکردنەوە لەسەر کۆنفرانسی چوارەمی ژنێف سەبارەت بە پاراستنی کەسانی سڤیل لە کاتی شەڕدا، ڕایدەگەیەنێت کە لایەنەکانی شەڕ پابەندن بە جیاکردنەوەی ڕەها لە نێوان ئامانجە سەربازی و سڤیلەکاندا.

هەنگاو داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە چاودێرەکانی مافی مرۆڤ دەکات، کە بە گوشار خستنە سەر لایەنەکانی شەڕ و چاودێریی تایبەت بەسەر سیاسەتە شاردنەوەکانی کۆماری ئیسلامی، میکانیزمە پارێزەرییەکان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل بە خێرایی چالاک بکەن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە