ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە برینداربوونی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی ڕاگیراو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و دەستبەسەرگەی شەهرامفەر لە سنە

١٥ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٢:٥٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکان لە ئێران و کردنە ئامانجی باڵەخانەی ئیدارەی ئیتلاعات و قەرارگای شەهرامفەری سوپای پاسداران لە شاری سنە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو و زیندانیانی سیاسیی کورد بریندار بوون و بۆ بەشی VIPی نەخۆشخانەی کەوسەری ئەم شارە گوازراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی دووشەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥، لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر باڵەخانەی ئیدارەی ئیتلاعات و قەرارگای شەهرامفەری سوپای پاسداران لە سنە، ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی چەند مانگی ڕابردوو کە لەم ناوەندانەدا ڕاگیرابوون، بریندار بوون. تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا لەم هێرشانەدا کەس لە دەستبەسەرکراوان گیانی لەدەستداوە یان نا.

هاوکات، سەرچاوەکان لە ناو نەخۆشخانەی کەوسەری سنەوە بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە، بەشی VIPی ئەم نەخۆشخانەیە لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوە بریندارەکان لەم بەشەدا لەژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنیدا ڕاگیراون و چارەسەریان بۆ دەکرێت. بە وتەی ئەم سەرچاوانە، ئەم بەشە بە شێوەی شەوڕۆژی و بە جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان دەپارێزرێت و هاتووچۆ بۆ ناو ئەم بەشە بە توندی کۆنترۆڵ دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، هەنگاو لە وتووێژ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە سنە زانیویەتی، بنەماڵەی ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی ئەمدواییانە کە لە شەهرامفەر و ناوەندە ئەمنییەکانی سنە ڕاگیرابوون، هەوڵیان داوە بە سەردانیکردنی ناوەندە ئەمنییەکان و ئەو شوێنانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان، زانیاری لەبارەی چارەنووسی منداڵەکانیان بەدەست بهێنن. ئەم کەسانە ڕایانگەیاندووە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان دوای ئەوەی هیچ زانیارییەکیان پێنەدراوە، بە نیگەرانییەوە لەوەی کە ڕەنگە دەستبەسەرکراوەکان لە ناو قوربانییانی هێرشەکاندا بن، دەستیان کردووە بە گەڕان لە دەوروبەری ئەم ناوەندانە، بەڵام هێزە سەربازییەکان ڕێگرییان لە نزیکبوونەوەیان کردووە و هەوڵەکانیان بۆ بەدەستهێنانی زانیاری بێئاکام ماوەتەوە.

پێشتر هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی هۆشدارییەکی بەپەلە سەبارەت بە دۆخی زیندانیان لە بارودۆخی شەڕدا ڕایگەیاندبوو کە بەپێی ئەو ڕاپۆرتە زۆرانەی پێی گەیشتووە، دۆخی زیندانیان بەتایبەت زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییانە، مەترسیدار هەڵدەسەنگێندرێت. بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، زۆربەی بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان لە دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی ئازیزانیان بێئاگان و لە هەندێک زیندانیشدا دەرگای بەندەکان لەلایەن زیندانبانەکانەوە قفڵ کراوە؛ دۆخێک کە لە کاتی ڕوودانی هێرشەکاندا دەتوانێت گیانی زیندانیان بخاتە مەترسییەکی جیدییەوە.

هەنگاو هەروەها جەختی کردبووەوە کە بەپێی پەسەندکراوی ٢١١ی دەزگای دادوەری سەبارەت بە کەمکردنەوەی ژمارەی زیندانیان لە بارودۆخی نائاساییدا، ئەم دامەزراوەیە ئەرکدارە بۆ پاراستنی گیانی زیندانیان هەنگاو بنێت؛ لەوانە لە ڕێگەی ئازادکردنی مەرجدار، گۆڕینی بڕیاری ڕاگرتن، قبووڵکردنی بارمتە یان گواستنەوەی زیندانیان بۆ شوێنە ئارامەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکانی ئەمدواییانە نیشان دەدەن کە دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی زۆربەی دەستبەسەرکراوان هێشتا ناڕوونە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووس و دۆخی تەندروستییان بەردەوامە.

بەپێی ماددەی ٨٣ی کۆنفرانسی چوارەمی ژنێڤ، ڕاگرتنی دەستبەسەرکراوان لە نزیک ناوچە جەنگییەکان یان ئامانجە سەربازییە ستراتیژییەکان پێشێلکاریی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە و دەوڵەتەکان ئەرکدارن گیانی ئەو کەسانەی لەژێر دەستبەسەریدان وەک "کەسانی پارێزراو" تەزمین پکەن. کەمتەرخەمی لە گواستنەوەی زیندانیان بۆ شوێنە ئارامەکان و شاردنەوەی زانیاری لە بنەماڵەکانیان، نەک هەر پێشێلکردنی ڕوونی بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ پاراستنی دەستبەسەرکراوان (بنەمای ١٦)، بەڵکوو لە بارودۆخی ئێستادا بە نموونەیەکی ئاشکرای بێبایەخیی تاوانکارانە بە مافی ژیان و ئەشکەنجەی دەروونیی بنەماڵەکانیان ئەژمار دەکرێت.

هەنگاو بە جەختکردنەوە لەسەر بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە گیان و سڵامەتیی تەواوی دەستبەسەرکراوان، داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات بە دەستێوەردانی خێرا، بۆ پاراستنی گیانی زیندانیان، دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنی خێرای ئەوان بە خزمەتگوزارییە دەرمانییەکان و ڕوونکردنەوەی دۆخ و شوێنی ڕاگرتنی دەستبەسەرکراوان هەنگاو بنێن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە