گیانبەختکردنی یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکان لە ئەنجامی هێرشی درۆنیی سوپای پاسداران بۆ سەر بارەگاکانی کۆمەڵە
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
یەکێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە ناوی غەزاڵ مەولان خەڵکی مەهاباد کە لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکانی ئەمڕۆی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کەمپەکانی ئەم حیزبە لە سوورداشی پارێزگای سلێمانی بریندار ببوو، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (١٤ی ئەبریلی ٢٠٢٦)، غەزاڵ مەولان، لە پێشمەرگەکانی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کە لە ئەنجامی هێرشە درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بارەگای سوورداش لە پارێزگای سلێمانی بە توندی بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، لانی کەم دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون کە باری تەندروستییان جێگیر ڕاگەیەندراوە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ئەنجام دراون کە ئەمڕۆ حەوتەمین ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا بوو. سەرەڕای ئەوەش، هێزەکانی سوپای پاسداران بە پێشێلکردنی ئاشکرای دۆخی ئێستا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە بەکارهێنانی درۆنی خۆکوژ، بە شێوەیەکی هاوکات ئۆردوگاکانی حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)یان کردە ئامانج.