ئازادی پێنج کەس لە دەستبەسەرکراوانی نەورۆزی سنە دوای ئەشکەنجە و تاشینی قژیان

ئازادی پێنج کەس لە دەستبەسەرکراوانی نەورۆزی سنە دوای ئەشکەنجە و تاشینی قژیان

13:56 - 7 April 2022

 

هەنگاو: پێنج کەس لە دەستبەسەرکراوانی نەورۆزی شاری سنە کە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا ئەشکەنجە و بێ ڕێزیان پێ کرابوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ (٧ی ئەپریلی ٢٠٢٢) پێنج کەس لە دەستبەسەرکراوانی نەورۆزی سنە بە ناوەکانی پارسا بەهرامی تەمەن ١٧ ساڵ، ئارمان سەلیمی، ئومێد شێخی، ئومێد ئەسەدی و سامان میرەکی هەر کام بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملوێن تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگایی کردنەکەیان، ئازاد کران.

هەواڵی دەستبەسەر کرانی پارسا بەهرامی تەمەن ١٧ ساڵ و ئومێد ئەسەدی تا ئێستا بڵاو نەبووەتەوە و هەنگاو وەکوو یەکەم میدیا بڵاوی دەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی جێگای متمانە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە ئەم پێنج هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکران لەلایەن ئەندامانی ئیتلاعاتی سوپا ئەشکەنجە و بێ ڕێزییان پێ کراوە و هەروەها مووی سەریان تاشراوە.

ئەم پێنج کەسە ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خاکەلێوە (٢٣ی مارس) دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە پارکی منداڵی سنە بۆ ئیتلاعاتی سوپای ئەو شارە بانگ کراون و دواتر دەستبەسەر کراون.

هەنگاو زانیویەتی کە ئەم پێنج کەسە لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە دەستبەسەر بوون مافی هەبوونی پارێزەریان نەبووە و ناوەندە ئەمنییەکان ئەوانیان بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی تۆمەتبار کردووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان زیاتر لە ٥٠ هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ٣٣ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.