دەستبەسەرکردنی هۆیار زەهابی و جەلال عەلەوی لە مەهاباد لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە

١ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٢:٥٤

هەنگاو؛ شەممە ١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

لە درێژەی دەستبەسەرکردنەکانی ئەمدوایییەی هاووڵاتییانی کورد، دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی هۆیار زەهابی و جەلال عەلەوی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (٢٠ی مارسی ٢٠٢٦)، هۆیار زەهابی، هاووڵاتیی تەمەن ٢١ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵی داپیرەی دەستبەسەر کرا. بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم دەستبەسەرکردنە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بە پەنابردن بۆ توندوتیژی ئەنجام دراوە.

شایانی باسە کە هۆیار زەهابی پێشتریش لە کاتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و خاوەنی پێشینەی سزای سیاسییە.

هاوکات، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی جەلال عەلەوی، خەڵکی گوندی «کۆسەکهریز»ی سەر بە مەهاباد، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە حکوومەتییەکان بێ ڕوونکردنەوەی تۆمەت و نیشاندانی حوکمی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەریان کردووە.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە