ڕاپۆرتی هەنگاو سەبارەت بە هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکان و بارەگای حیزبەکانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان

٢٨ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ٢١:٢٦

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران، سوپای پاسداران شەپۆلێکی نوێی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکان، شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان و بارەگای حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان دەست پێکردووە کە لە ئەنجامدا تا ئێستا لانی کەم پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکان لەلایەن ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، تا ئێستا ١١٢ هێرشی موشەکی و درۆنی لەلایەن سوپای پاسداران و هێزە میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق بۆ سەر پێگەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە شارەکانی سلێمانی، دووکان، کۆیە، دێگەڵە، بەحرەکە، سۆران و خەبات تۆمار کراون.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، باڵەخانەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکان، قوتابخانەکان، ناوەندە تەندروستییەکان و کتێبخانە کراونەتە ئامانج.

پانتاییی هێرشەکان و گیانلەدەستدانی پێنج پێشمەرگە

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە کۆی ١١١ هێرشی تۆمارکراو، زۆرترین ژمارەی هێرشەکان ڕوویان لە کەمپەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە . پارتی ئازادیی کوردستان (PAK)، حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی کوردستانی ئێران، حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و ڕێکخراوی خەباتی کوردستانی ئێرانیش بەپێی ڕیزبەندی کراونەتە ئامانجی زۆرترین هێرشەکان. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا کە تا کۆتاییی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ و هاوکات لەگەڵ بیستەمین ڕۆژی دەستپێکردنی شەڕ تۆمار کراون، لانی کەم ٥ پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون کە باری تەندروستییان بە جێگیر ڕاگەیەندراوە.

ناسنامەی ٥ کەس لەو پێشمەرگانەی لە کاتی ئەم هێرشانەدا گیانیان لەدەستداوە بەم شێوەیەیە:

١. جەلال ڕەشیدی: خەڵکی سەقز، خێزاندار و پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک). شوێنی گیانبەختکردن: هەولێر.

٢. ئیسماعیل ڕەحیمی: خەڵکی سەقز، سەڵت و پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران. شوێنی گیانبەختکردن: سلێمانی.

٣. ئومێد وەیسی: خەڵکی ڕوانسەر، سەڵت و پێشمەرگەی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران. شوێنی گیانبەختکردن: سلێمانی.

٤. ئیقباڵ ساڵحی: خەڵکی سەقز، خێزاندار و پێشمەرگەی ڕێکخراوی خەباتی کوردستان. شوێنی گیانبەختکردن: هەولێر.

٥. فەخرەدین مرادی: خەڵکی سنە، خێزاندار و پێشمەرگەی ڕێکخراوی خەباتی کوردستان. شوێنی گیانبەختکردن: هەولێر.

 

ئەو شوێنانەی کە کراونەتە ئامانج

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، لە ماوەی شەپۆلی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی ئەمدوایییەدا چەندین کەمپی مەدەنی و شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێری هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج. لەوانە:

کەمپی مەدەنیی سوورداش لە شاری دووکان، پارێزگای سلێمانی

کەمپە مەدەنییەکانی ئازادی، ئەمیرییە و زەوییەسپێ لە شاری کۆیە لە پارێزگای هەولێر

ئۆردوگا مەدەنییەکان لە زڕگوێز و زڕگوێزەڵە لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی

کەمپی مەدەنی لە شاری دێگەڵە، پارێزگای هەولێر

کەمپی مەدەنیی جێژنیکان لە شاری بەحرکە سەر بە پارێزگای هەولێر

کەمپی مەدەنیی پاکشار لە شاری دێگەڵە، پارێزگای هەولێر

کەمپی مەدەنیی باشیکی سازمانی خەبات لە هەولێر

هەروەها یەکێک لە ئامانجە دیارەکانی ئەم شەپۆلە لە هێرشەکان، ماڵی بنەماڵەی یەکێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی تەها دادلی لە شاری سنووریی سۆران بوو کە بە درۆنێکی خۆکوژی سوپای پاسداران کراویە ئامانج. ئەمە یەکەم جارە کە لە ناو شارەکان و ناوچە نیشتەجێبوونەکاندا، ماڵی ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان بە درۆن دەکرێتە ئامانج و ئەمەش نیشاندەری گۆڕینی ڕێکاری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە کردنیە ئامانجی ڕاستەوخۆی ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.

 

کردنە ئامانجی بەئەنقەستی ناوەندە تەندروستی، پەروەردەیی و خانووی پەنابەرەکان

ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی هەنگاو پشتڕاستی دەکەنەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاساکانی شەڕ، دەیان شوێنی نیشتەجێبوون، لەوانە ماڵی بنەماڵەکان، قوتابخانەی منداڵە پەنابەرەکان، ناوەندە تەندروستییەکان و کتێبخانەی کردووەتە ئامانج و دەستڕاگەیشتنی بە خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکانی وەک پەروەردە و چارەسەری بۆ منداڵان و بنەماڵەکان و ئەندامانی ئەم حیزبانە پەکخستووە.

 

پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پێویستیی دەستێوەردانی جیهانی

هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی ئەم هێرشانە و کردنە ئامانجی پەنابەرە سیاسییەکان، نموونەی بەرچاوی تاوانی جەنگی و پێشێلکردنی ڕاشکاوی کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێڤە. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان وەک گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوچەیییەکان، ئاسایشی گیانی هەزاران مرۆڤ لەوانە ژنان و منداڵانی خستووەتە مەترسییەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە کۆمەڵگەی جیهانی، ڕاپۆرتنێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ناوەندە داکۆکیکارەکانی مافی مرۆڤ داوا دەکات، بەرانبەر بە دەستدرێژییە سنووربەزێنەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کاردانەوەی خێرایان هەبێت و بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان هەنگاوی خێرا بنێن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە