ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکرانی مەنسوور عەبدوڵڵازادە و مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە، دوو برای کورد لە نەغەدە

٢٩ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ١٢:٢٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

دوو برای کورد و خەڵکی نەغەدە بە ناوەکانی مەنسوور عەبدوڵڵازادە و مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراون. مەنووچێهر دوای دوو ڕۆژ دەستبەسەری و تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە ئازاد کرا، بەڵام مەنسوور هێشتا لە دەستبەسەریدایە و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی شەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (١٤ی مارسی ٢٠٢٦)، دوو برا بە ناوەکانی مەنسوور عەبدوڵڵازادە تەمەن ٤١ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ، و مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە تەمەن ٢٧ ساڵ، خەڵکی گوندی "خەلیفان"ی سەر بە نەغەدە، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵی باوکیان بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی عەبدوڵڵازادە بە هەنگاوی ڕایگەیاند کە هێزە حکوومەتییەکان بە شکاندنی دەرگا و پەنجەرە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم دوو برایە و وێڕای دەستبەسەرکردنیان، ماڵەکەیان پشکنیوە، ئەندامانی بنەماڵەکەیان داوەتە بەر لێدان و سووکایەتی و کەلوپەلە تایبەتییەکانیان وەک لاپتۆپ و مۆبایلە زیرەکەکانی ئەم دوو هاووڵاتییەیان زەوت کردووە.

ئەم سەرچاوەیە ئەوەشی زیاد کرد کە مەنووچێهر عەبدوڵڵازادە دوای دوو ڕۆژ دەستبەسەری و تەواوبوونی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە بەردەم یەکێک لە پارکەکانی شاری نەغەدە ئازاد کراوە، بەڵام کەلوپەلە تایبەتییەکانی هێشتا لای ناوەندە حکوومەتییەکان دەستی بەسەردا گیراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، مەنسوور عەبدوڵڵازادە هێشتا لە دەستبەسەریدایە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی لە ناوەندە ئەمنییەکان و دادگای نەغەدە، هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، باری تەندروستی و چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە