دەستبەسەرکردنی کاوە عەبدوڵڵازادە و ئاوات سەرگوڵی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە لە شارەکانی نەغەدە و مەهاباد
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
هاوکات لەگەڵ ڕۆژانی کۆتاییی ساڵ و لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییانی کورد، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی کاوە عەبدوڵڵازادە و ئاوات سەرگوڵی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شارەکانی نەغەدە و مەهاباد دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (٢٠ی مارسی ٢٠٢٦)، هاووڵاتییەک بە ناوی کاوە عەبدوڵڵازادە، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی گوندی «خەلیفان»ی سەر بە شاری نەغەدە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکومەتییەکان بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری، ئەم هاووڵاتییەیان لەسەر ڕێگەی مەهاباد بۆ نەغەدە ڕاگرتووە و دەستبەسەریان کردووە. کاوە عەبدوڵڵازادە کە خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە، دوای دەستبەسەرکردن بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواستراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە و هەر ئەو ڕۆژە، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئاوات سەرگوڵی، خەڵکی گوندی «کۆسەکەرێز»ی سەر بە مەهاباد، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە. بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم کەسانە بۆ زانینی چارەنووس و باری تەندروستییان تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.