مەهاباد؛ شوانە عەلیزاده لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا
هەنگاو: دووشەممە ٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی مەهاباد بە ناوی شوانە عەلیزادە لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢٢ی مارسی ٢٠٢٦)، هێزە حکوومەتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی خێزانیی هاووڵاتییەک بە ناوی شوانە عەلیزادە تەمەن ٣٧ ساڵ و دەستبەسەریان کردووە.
سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە هێزە حکوومەتییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و بەکارهێنانی توندوتیژی، ماڵەکەیان پشکنیوە و ناوبراویان ڕاپێچ کردووە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ شوانە عەلیزادە و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەمبارەیەوە بێئاکام ماوەتەوە.