برینداربوونی لانی کەم ١٣ کەس لە خۆپیشاندانەکانی سەقز

برینداربوونی لانی کەم ١٣ کەس لە خۆپیشاندانەکانی سەقز

16:22 - 17 September 2022


هەنگاو: شەممە ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٢

لە لە ئەنجامی دەستتێوەردانی هێزە ئەمنییەکان لە گردبوونەوەی هێمنانەی خەڵک سەبارەت بە شەرمەزارکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەپێش بینای فەرمانداریی ئەو شارە، لانی کەم ١٣ کەس بریندار بوون کە دوو کەسیان ژێر ١٨ ساڵ و سێ کەسیان ژن بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی، لاوێک بە ناوی کیان درەخشان لە بەشی سەریەوە بە سەختی بریندار بووە و باری تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی دژە شۆڕش لەپێش بینای فەرمانداری سەقز کەڵکیان لە چەکی ساچمەیی وەرگرتووە و گازی فرمێسک ڕێژیان بۆ خەڵک فڕێ داوە.

خەڵکی سەقز ئەمڕۆ شەممە ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٢) ١٧ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی تەرمی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی سەقزەوە بەرەو پێش بینای فەرمانداریی ئەو شارە بەڕێکەوتن کە دوای دەستتێوەردانی هێزە ئەمنییەکان و بەکارهێنانی توندوتیژی ئاڵۆزی لێکەوتەوە.

هەنگاو شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندوو کە هێزە ئەمنییەکان دەیانهەوێت تەرمی ژینا شەوانە بنێژن کە دوای میدیایی کردنەوەی خێرا و کاتی ئەو هەواڵە لەلایەن هەنگاو و حازربوونی خەڵک لە گۆڕستانی ئایچی، خەڵک و بنەماڵەی ئەمین ی ئیزنی ئەو کارەیان نەدا.

هەنگاو وێڕای دەربڕینی قووڵی نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی شاری سەقز، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤییەکان دەکات کە گرنگییەکی زیاتر بە دۆخی سەقز و هەروەها هەڵسوکەوتی پڕ لە توندوتیژی هێزە چەکدارەکان بەرامبەر بە خەڵکی ئەو شارە بدەن.