تەقینەوەی مین لە کرماشان دوو قوربانی لێکەوتەوە

تەقینەوەی مین لە کرماشان دوو قوربانی لێکەوتەوە

18:41 - 10 November 2020

 

هەنگاو: دوو کەس لە فەرمانبەرانی ناوەندی مین هەڵگرتنەوە لە کاتی خاوێن کردنی ناوچە مین ڕێژکراوەکانی پارێزگای کرماشان بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ (٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠)، بە هۆی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سنووری سوومار سەر بە پارێزگای کرماشان دوو فەرمانبەری ناوەندی مین هەڵگرتنەوە بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئاکامی تەقینەوەی ئەو مینەدا عەلی ڕەزایی خەڵکی ئیلام هەر دوو چاو و هەروەها مەچەکی دەستی بە سەختی بریندار بووە و جەلال ئابسالان خەڵکی کرماشان تووشی شەپۆلگرتووی بووە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم پێنج هاووڵاتی کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون کە بەشێکیان ئەندامی جەستەیان لەدەست داوە.