بەردەوامی دەستبەسەربوون و ناڕوونی چارەنووسی عەبدوڵڵا مەهجوور و سالار ئازەر

١٦ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٤:١٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

عەبدوڵڵا مەهجوور  و سالار ئازەر، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی سەقز سەرەڕای تێپەڕینی نزیک بە یەک مانگ لە دەستبەسەرکرانیان، هەتا ئێستا هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لە بەردەستدا نییە و ناوەندە حکومەتییەکان ئامادەی هیچ جۆرە وڵامدانەوەیەک لەسەر دۆخی ئەم دوو کەسە نین، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی زۆر لەسەر دۆخی ناوبراوان.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، سالار ئازەر ٣٦ ساڵە و عەبدوڵڵا مەهجوور  ٥٩ ساڵە، هەردووکیان خەڵکی سەقز، ٢٧ ڕۆژی ڕابردوویان بە دۆخێکی نادیار و بێ هەواڵی تەواو لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکان تێپەڕاندووە.

بەم دواییانە هەنگاو دەستی بە چەند زانیارییەکی نوێ گەیشتووە کە دەریدەخات ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و دادوەریی سەقز لە وەرگرتنی بەرپرسیارەتی چارەنووس و دەستبەسەربوونی ئەم دوو هاووڵاتییە خۆیان بواردووە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە چەند کەسێک شایەدی دەستبەسەرکرانی ئەم دوو هاووڵاتییە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بوون.

عەبدوڵڵا مەهجوور  ٥٩ ساڵە لە نەخۆشی بنەڕەتی و هەروەها کەمئەندامیەوە ئازار دەبینێ. ناوبراو پێشتریش لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و ئەشکەنجە درابوو.

عەبدوڵڵا مەهجوور  و سالار ئازەر کە ئامۆزایشن، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥ (٨ی مارسی ٢٠٢٦)، پاش ڕۆیشتنە دەرەوە لە ماڵەکەیان لە سەقز لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەرکراون.

هەنگاو ئاگادار بووەتەوە کە، هێزە حکوومەتییەکان دەستیان بەسەر موبایلی ئەم دوو هاووڵاتییەدا گرتووە و پاش دەستبەسەرکران، وڵامی چەند دانەیەک لە پەیوەندییە تەلەفونییەکانی ناوبراوانیان داوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە