مەهاباد؛ شەهاب فرووغی‌ڕاد و شەهرام عەزیزی دەستبەسەر و چارەنووسیان نادیارە

١٣ خاکەلێوە ٢٧٢٦، ١٢:٠١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە مەهاباد، دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی شەهاب فرووغی‌ڕاد و شەهرام عەزیزی لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەدا دەستبەسەر کران و دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ چارەنووسیان نادیارە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٢٤ی مارسی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی شەهاب فرووغی و شەهرام عەزیزی لە شاری مەهاباد و دەستبەسەریان کردوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە کاتژمێر ٢ی بەرەبەیان و بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە جلوبەرگ شەخسییەکانەوە ئەنجام دراوە. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری و بە دروستکردنی کەشێکی ترس و تۆقاندن دەستیان داوەتە دەستبەسەرکردنیان.

شایانی باسە کە، شەهاب فرووغی و شەهرام عەزیزی هەردووکیان خێزاندارن و منداڵیشان هەیە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم دوو هاووڵاتییە و هەروەها شوێنی ڕاگرتنیان لەبەردەستدا نییە. بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر چارەنووسی ڕۆڵەکانیان تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە