سپێدە قولیان سزای پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و شەش مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا
هەنگاو؛ شەممە ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦
سپێدە قولیان، هاووڵاتیی لوڕ، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە لە چەند مانگی ڕابردووەوە دووبارە دەستبەسەر کراوەتەوە و ئێستا لە بەندیخانەی وەکیلئاوای مەشهەد دەستبەسەرە، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانی تەعزیری و هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا. هاوکات گوشارە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەکەشی زیادیکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سپێدە قولیان لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەشهەد، سەبارەت بەو دۆسیەیەی کە لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەم دواییەیدا بۆی کراوەتەوە، سزای ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ٥ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی (تعلیقی) بەسەردا سەپێندراوە.
سپێدە قولیان لە ڕێکەوتی ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥، لە کاتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمێک بۆ "خەسرەو عەلیکوردی"، پارێزەری کورد کە بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا، هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی دیکەی ژن وەک: نێرگز محەمەدی، عالیە مەتڵەبزادە، پوران نازمی و هەستی ئەمیری، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لە مەشهەد دەستبەسەر کرابوو.
سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان، لە مافی یاساییی " دانی مرەخەسی کە کۆتایی بە سزادانەکەی دێنێت" بێبەش کراوە. ئەم بێبەشکردنە لە کاتێکدایە کە بەهۆی دۆخی شەڕ و قەیراناویی وڵات، زۆربەی بەندکراوان ئەو مافەیان پێدراوە، بەڵام ناوەندە حکوومەتییەکان ڕێگری لە چوونی سپێدە قولیان بۆ مرەخەسییەک دەکەن کە هەتا کۆتایی سزاکەی بەردەوام بێت.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی بەندکرانەکەی، گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان بۆ سەر بنەماڵەی قولیان چڕتر بووەتەوە. لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، باوک و برای سپێدە قولیان چەندین جار بۆ ناوەندە حکوومەتییەکان بانگ کراون و لەوێ لێپێچینەوە و گوشاریان خراوەتە سەر.
سپێدە قولیان کە پێشتریش چەندین ساڵ لە تەمەنی خۆی لە بەندیخانە جیاوازەکاندا بەسەر بردووە، ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی وەکیلئاوای مەشهەد (بەندی ٦) لە دۆخێکی نەگونجاو و لەژێر گوشارێکی زۆردا ڕاگیراوە.