حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد پەسەند کرا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی کورد لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە پارێزەر و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

١٧ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ١٣:٤١


هەنگاو: حوکمی سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی کورد لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند و ئەو حوکمە بە پارێزەر و بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی کامێران لەلایەن لقی ٢٧ی دیوانی بەرزی وڵاتی ئێرانەوە پەسەند کراوە و پارێزەرەکانی ئەو حوکمەیان بە بنەماڵەی ڕاگەیاندووە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی قوربانی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، حەیدەر قوربانی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەری “سەعیدی” بە تۆمەتی "بەغی" و “هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپاوە و ئەو حوکمە ڕێکەوتی ٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ (٢٨ی ژوئیەی ٢٠٢٠) لە ناو بەندیخانەی سنە بە فەرمی پێی ڕاگەیەندراوە.

حەیدەر قوربانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٢٧١٦ (پاییزی ٢٠١٦) لە گەڵ ژن براکەی بە ناوی ”مەحموود سادقی“ کە هەردوویان خەڵکی گوندی ”بزوەش“ سەر بە شاری کامێران بوون، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە دەستبەسەرن.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ڕیکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ٢٧١٩ (٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لە دۆسیەیەکی دیکەدا و لەلایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنە بە تۆمەتی “هاوکاری کردن و کارئاسانی بۆ کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران لە کامێران” دادگایی کرابوون. بە پێی ئەو حوکمە حەیدەر قوربانی حوکمی ١١٨ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچی و مەحموود سادقی حوکمی ٤٠ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٢٠٠ قامچییان بە سەردا سەپابوو.

حکوومەتی ئێران سێ ساڵ پێش لە یەکێک لە کاناڵەکانی خۆی بە ناوی (پرێس تی وی) کە کاناڵێکی ئینگلیزی زمانە، فیلمێکی لە دانپێدانانی حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد بڵاو کردەوە.

بە وتەی نزیکانی ناوبراو، حەیدەر قوربانی لە ژێر ئەشکەنجەی نامرۆڤانە، ناچار بەو دانپێدانانە بووە و ناچار کراوە کوشتنی چەند ئەندامی سپای پاسداران وە ئەستۆی خۆی بگرێت.

لەو فیلمە ٢٠ خولەکیەدا، تۆمەتبار لە پێش بنەماڵەی ئەو کوژراوانە کە سەر بە حکوومەتی ئێرانن، دانێشتووە و دان بە کوشتنیان دەنێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە