خۆکوشتنی مێرمنداڵێک لە سەردەشت، لەماوەی ٤ مانگدا ٢٥ مێرمنداڵ خۆیان کشتووە

21:40 - 7 May 2019

 

هەنگاو: میرمنداڵێکی خەڵکی شارۆچکەی ڕەبەت سەر بە سەردەشت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و بەپێی ئامارەکانی هەنگاو لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ هەتا ئێستا ٢٥ مێرمنداڵ لە کوردستان خۆیان کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە (١٦ی بانەمەڕی ٢٧١٩/ ٦ی مەی ٢٠١٩)، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی سارۆچکەی ڕەبەت سەر بە شاری سەردەشت بە ناوی ”مێهران جەوانمەردی“کوڕی عەلی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە مێهران بە هۆی کێشەی خێزانی و دەمەقاڵێ لە گەڵ باوکی بە چەک کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩وە واتە ماوەی ٤ مانگ لانیکەم ٢٥ مێرمنداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ خۆیان کوشتووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەو ماوەیەدا ١٦ کچ و ٩ کوڕی ژێر ١٨ ساڵ خۆان کوشتووە. ١٩ کەسیان بە هۆی کیشەی خێزانی و ٤ کەسیان بە هۆی هەژارییەوە خۆیان کوشتووە. هۆکاری خۆکوشتنی ٢ کەسیشیان نادیارە.

زۆرترین خۆکوشتنی منداڵان لە شاری مەریوان تۆمار کراوە کە ٥ حاڵەت بووە. ٤ کەسیان کچ بوون.

 

جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

ئیلام: ٤ حاڵەت (١ کوڕ و ٣ کچ).

کرماشان: ٥ حاڵەت (٢ کوڕ و ٣ کچ).

سنە: ١٠ حاڵەت (٣ کوڕ و ٧ کچ).

ئورمیە: ٦ حاڵەت (٣ کوڕ و ٣ کچ).