دەستبەسەر کران و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد

دەستبەسەر کران و ناڕوونیی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد

20:42 - 5 September 2020

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی شارەکانی سنە و پیرانشار حەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و چارەنووسیان نادیارە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٣١ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی ”سنجلە“ی ناوچەی لاجانی پیرانشار بە ناوی ”بایزید قادری چووپان“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی نەغەدە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردەشیان لە نەغەدە پشکنیوە و لە دوای دەستبەسەر کردنیەوە تەنیا جارێک پەیوەندی بە ماڵەوە کردووە کە ئەویش بە زمانی فارسی قسەی کردووە.
 

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتیشی کە بایزید قادری چووپان بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت دەستبەسەر کراوە.
 

لەلایەکی دیکەوە و کۆتایی حەفتەی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی خەڵکی شارەکەنی حەسەن ئاوای سنە بە ناوی ”سابیر ساڵحی“ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کراوە.
 

سابیر ساڵحی یەکێک لە هونەرمەندانی شاری سنەیە و سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، چارەنووسی نادیارە و نازانرێت کە لەکوێ ڕاگیراوە.