لاوێکی خەڵکی مەلەکشایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا

لاوێکی خەڵکی مەلەکشایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا

21:41 - 27 July 2022


هەنگاو: چوارشەممە ٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٢

لاوێکی خەڵکی شاری مەلەکشایی سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوی حوجەت شێردڵ تەمەن ٢٩ ساڵ ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢٤ی جولای ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مێهران دەستبەسەر کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە یەکێک لە پارکەکانی شاری مێهران حوجەت شێردڵیان دەستبەسەر کردووە و لە کاتی دەستبەسەرکردنی ناوبراو تەقەیان کردووە کە بووەتە هۆی برینداربوونی یەکێک لە پاسەوانەکانی پارکەکە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە، حوجەت شێردڵ دوای دەستبەسەرکران بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، حوجەت شێردڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە هاوکاری کردنی حیزبێکی کوردستانی دژبەری حکومەت تۆمەتبار کراوە.