چالاکێکی سیاسی کورد بە مەبستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی خۆی بە بەندیخانە ناساند

چالاکێکی سیاسی کورد بە مەبستی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی خۆی بە بەندیخانە ناساند

11:44 - 26 July 2020


هەنگاو: چالاکێکی سیاسی کورد و دانیشتووی تاران کە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتەوە حوکمی بەندکران و لێدانی قامچی بە سەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی خۆی بە لقی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی دادسەرای بەندیخانەی ئێڤینی تاران ناساند.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٢٥ی ژوئیەی ٢٠٢٠)،ئەحمەدڕەزا حائێری، چالاکی سیاسی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٦ مانگ بەندکران ولێدانی ٧٤ قامچی خۆی بە لقی جێبەجێ کردنی حوکمەکانی دادەسەرای بەندیخانەی ئێڤینی تاران ناساند.


یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی حائێری وێرای پشتڕاست کرنەوەی ئەو هەواڵە بۆ هەنگاو ڕایگەیاند کە ئەحمەد ڕەزا ڕپژی ڕابردوو سزای لیدانی ٧٤ قامچی جێبەجێ کراوە و شەو بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٦ مانگەی حوکمەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی تارانی گەورە کراوە.


ئەحمەدڕەزا حائێری چالاکی سیاسی و یەکێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەیەک لە ژێر ناوی ”پێنجشەممەی ڕەشی ئێڤین“ بووە. ئەو چالاکە سیاسیە لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی حوکمی ٤٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەو حوکمە لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر بەرزگەر وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی پارێزەرانی تۆمەتبارانی ئەو کەیسە، کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ٢٧١٩ ئەحمەدڕەزا حائێری لەلایەن لقی ٥٤ی دادگای پێداچوونەوەی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر بابایی بە تۆمەتی پڕووپاگەندە دژی حکوومەت، کۆبوونەوەی نایاسایی و تێکدانی تەکووزی کۆمەڵگا حوکمی ٦ مانگ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچی بە سەردا سەپا.

دۆسیەی پێنجشەممەی ڕەشی ئێڤین دەگەڕێتەوە بۆ ٢٨ی خاکەلیوەی ٢٧١٤ (بەهاری ٢٠١٤) کە گاردی تایبەت بە بیانووی پشکنینی بەندی ٣٥٠ی بەندیخانەی ئێڤین ڕژانە ناو ئەو بەندە و بەندکراوانیان دایە بەر لێدان و کوتان کە ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتەوە.